ئێران لە 11 مانگدا زیاتر لە نۆ ملیارد دۆلار کاڵای هەناردەی عێراق کردوە

عێراق یەکەم وڵاتی دراوسێی ئێرانە کە زیاترین کاڵا و شتومەکی لێ هاوردە کردوە

بارهەڵگری ئێران لە سنوری پەروێزخان

12 مانگ لەمەوپێش



دەستەی بازرگانیی ئێران ئاشکرای دەکات لە 11 مانگدا زیاتر لە نۆ ملیارد دۆلار کاڵا و شتومەکی نانەوتیی هەناردەی عێراق کردوە و ئاستی بازرگانیشی لەگەڵ 15 وڵاتی درواسێیدا بەرز کردوەتەوە.

روحەڵڵا لەتیفی، وتەبێژی دەستەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گەشەی بازرگانیی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ ئاستی بازرگانیی ئێران لە ماوەی 11 مانگدا لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێ بە رێژەی 20% بەرز بوەتەوە کە بەراورد بە 11 مانگی ساڵی رابردو 16% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بە وتەی لەتیفی لەسەرەتای مانگی ئازاری ساڵی رابردو تا (19/2/2023) بڕی 53 ملیارد و 364 ملیۆن دۆلار کاڵا و شتومەک لە نێوان ئێران و 15 وڵاتی دراوسێدا ئاڵوگۆڕ کراوە.

لەتیفی ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئێران 57% کاڵا و شتومەکی نانەوتیی بۆ ئەو وڵاتە دراوسێیانە هەناردە کردوە و لە بەرامبەریشدا 43%یش کاڵا و شتومەکی لەو وڵاتانەوە بۆ ئێران هاوردە کراوە.

لە ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران دەرکەوتوە لە ماوەی ئەو 11 مانگەدا زیاترین کاڵا و شتومەکی نانەوتیی بە بەهای نۆ ملیارد و 305 ملیۆن دۆلار هەناردەی عێراق کراوە و لە بەرامبەردا بە بەهای 208 ملیۆن دۆلار کاڵا لە عێراقەوە هەناردەی ئێران کراوە.

دوای عێراق وڵاتی تورکیا بە بەهای شەش ملیارد و 901 ملیۆن زیاترین کاڵا و شتومەکی لە ئێرانەوە هاوردە کردوە و وڵاتی ئیمارات بە بەهای پێنج ملیارد و 258 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەم وڵاتی دراوسێی ئێران دێت کە زیاترین کاڵای لەو وڵاتەوە هاوردە کردوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار