فاروقی مەلا مستەفا

یەک ساڵ لەمەوپێش



کاوە شێخ عەبدوڵڵا

پێش ئەوەی ئەم دێڕانە بخوێنیتەوە رەچاوی ئەم شتە بکەی زۆر سوپاستەکەم.. من نە لە ڕابردوو نە ئێستا و دڵنیاشم لە داهاتوودا، مننەتی خورمایەکی بێناوکم بە فاروقی مەلا مستەفا و پڕۆژە زەبەلاح و بچووکەکانی ئەم سەرمایەدارە ناودارەی کوردستان و عێراق نییە. بەڵام بەلامەوە کەسایەتییەکەی جێی بایەخە.

من پێش ئەوەی وەکو سەرمایەدارێک ناسیبێتم،  وەکو کوڕە مەلایەک و  کۆمۆنیستێکی بزێو ناسیومە لەڕێی ئەو کتێب و نووسینانەی خوێندبوومەوە سەبارەت بە مێژووی شیۆعی لە عێراق و کوردستان.

مەلامستەفا سەفوەتی باوکی و پاشان د. عیزەدین مستەفا رەسوڵی براگەورەی، لە سەدەی بیستدا دوو ناوی دیاری ئاینیی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی کوردستان بوون.. چ چاک یان خراپ ئەمەیان باسێکی ترە بەڵام دوو کەسایەتی ناسراوبوون.

کەواتە فاروق هەڵتۆقیوێکی لەناکاو نییە تا گومان لەڕابردووە نادیارەکەی و دواتر سەرمایە زەبەلاحەکەی بکەین. 

فاروقی مەلامستەفایش وەکو هەربازرگان و سەرمایەدارێکی تری جیهانیی، خاوەنی ئەو تمووحەیە کە زۆرترین سەرمایە کۆبکاتەوە. بۆ ئەمەیش هەموو ڕێگاکانی پەرەپێدانی سەرمایەکەی دەگرێتەبەر ئەمەیش ئەو شتەیە کە هەموو عەدالەتخوازانی دنیا دژی دەوەستنەوەو پێیانوایە لەسەر رەنجەشانی خەڵکی هەژار و دەسکورت سامان کۆدەکەنەوە.

بەڵام  خاڵی جیاوازی فاروقی مەلامستەفا بەلای منەوە، ئەوەیە سەرمایەکەی نەیکردووەتە پیاوێکی ترسنۆک و دوورەپەرێز. ئەو زۆر بە بەربڵاوی بەشداری ڕووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەکانی سلێمانی و کوردستان دەکات.

فاروق یەکەم سەرمایەداری کوردە لە عێراقدا کە ملیۆنان دانیشتووانی عەرەبی عێراقی کردووە بە هاوبەشی پڕۆژەیەکی بازرگانیی کە بنکە سەرەکییەکەی لە کوردستان ــ سلێمانییە. ئەم ڕایەڵە ئابوورییە لە ڕووداوە سیاسییەکاندا حسابی وردی بۆ دەکرێ.

بەهۆی پڕۆژە وەبەرهێنەکانی فاروقەوە، بڕێکی زۆری چیمەتتۆی عێراق و کوردستان لە سلێمانی بەرهەم دەهێنرێ و هەناردە دەکرێ.

کێ قازانج لە پڕۆژانە دەکات هەژاران یان ملیۆنێرەکان، ئەمەیان باسێکی ترە و پەیوەندی بەدنیای سەرمایەدارییەوە هەیە نەک حەز و ویستی شەخسیی.

تازە فاروقی مەلامستەفا بەناو سلێمانیدا رەگی داکوتاوە. لە زۆربەی گۆشەکانی ئەم شارە، پڕۆژەکانی فاروق بەپێوە وەستاون و پڕۆژەی زەبەلاحن. ئەمەیش نیشانی دەدا کە ئەم سەرمایەدارە لەبری ئەوەی سامانەکەی بباتە دەرەوەی کوردستان و قازانجەکەی بخاتە گەنجینەی بانکە جیهانییەکانەوە، لە شارو وڵاتەکەی خۆیدا بەشداریکردووە لە ئاوەدانییەکی زۆرتردا.

هەروەها حەزێکی سنوورداری هەیە بۆ بەشداری لە بواری ڕۆسنبیریی و فەرهەنگیی کوردستاندا. بۆ ئەمەیش لە ڕابردوودا دامەزراوەیەکی کردەوە دەیان کتێبی نایابی چاپکرد.

خولاسەی کەلام ئەوەیە، فاروق بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان کەسایەتییەکی پێویستە. بەشدارییەکانی لە ژیانی گشتیی کوردستاندا جێگەی پێزانینە. من زۆر  ڕێزی ئەو کەسانە دەگرم کە لە ژیانی گشتیی کوردستاندا بەشداری دەکەن و ڕۆڵیان هەیە ئیتر گرنگ نییە پارەدارە یان بێپارە.

بە ڕۆشتنی ئەو کەسایەتییانەی کە ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە. پڕکردنەوەی جێگاکانیان ئاسان نییە. بۆیە بەر لەوەی ڕەخنە لە دنیا ئابوورییەکەی بگرن، پێویستە ئەهمیەتەکەی هەڵسەنگێنن کە لە ژیانی سیاسی و ئابووریی خۆت و میللەتەکەتدا چەند بەشدار و کاریگەرە.

دیسان دەیڵێمەوە.. هیچ ئیشێکم بە سەرمایەکەی فاروقی مەلامستەفا نییە، بەڵام ڕێز دەگرم لەو وەفادارییەی کە بۆ شیۆعیەت هەیەتی کە بە گەنجیی یەکێک بوو لە ڕێبەرەکانی. هەروەها رێزی بەشدارییەکانی دەگرم لە پێشخستنی کەرتی ئابووری کودستاندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار