وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر بڕیارەکەی دادگای پاریس بڵاوکردەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری دادگەی پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە ، "سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار."
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:
*ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە*
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا ، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت وگاز ، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش ، کە لە چوارچێوەی دەستووردا ، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن .
بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لە گەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدرال ، لە دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدرالیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا.
لەم چوارچێوەیەدا ، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.
لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
