٦٠ هەزار ئاوارەی سوریا لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، ٦٠ هەزار ئاوارەی سوریا تورکیایان جێهێشووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
خولوسی ئاکار کە لە پارێزگای هاتای سەردانی بارەگایەکی سەربازی سوپاکەی لەسەر سنوری رۆژئاوای کوردستان و تورکیا کرد بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی قسەی کرد. ئاکار لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان وتی، بە شەو و رۆژ سنورەکان لە رێگەی سیستمی دراگۆن (چاوی ئەژدەها) چاودێری سنورەکان دەکرێت و هیچ رێگەیەک نییە، ئاوارەکان سنورەکان تێپەڕێنن.
خولوسی ئاکار دەڵێت، " ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن، ئاوارەی زیاتر هاتوونەتە نێو خاکی سوریا راست نییە. تورکیا تەکنیکی پێشکەوتووی هەیە کە لە مێژووی تورکیادا وێنەی نەبووە. باسی ئەوەشی کرد کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، بانگەشەیەک هەبووە کە ئاوارەکان هاتوونەتە نێو خاکی تورکیا، بەڵام هیچ شتێکی بەو شێوەیە نییە و دوای بومەلەرزەکە ٦٠ هەزار ئاوارەی سوریا خاکی تورکیایان جێهێشتووە و بە دڵی خۆیان چوونەتەوە وڵاتەکەیان.
