کچە کوردێک دەبێتە کاندیدی پارتی چەپی سەوز و لەدژی باوکی کە ئاکەپەیە دەوەستێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زۆزان سەڤەن کچێکی کورد و مامۆستای خەڵکی پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان کە باوکی بەرپرسە لەنێو پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، داواکاری بۆ کاندیدی پەرلەمان پێشکەش بە پارتی چەپی سەوز کرد کە هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات و رایگەیاند، لەم رێگەیەوە دەست بە تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەم." زۆزان سەڤەن وتی، " هەرچەندە باوکم داوای لێکردووم کە داواکاریەکەم بۆ کاندیدبوون لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز بکشێنمەوە، بەڵام ئەمە هەڵوێست و بیروبۆچوونی خۆمە و دەست لەم تێکۆشانە هەڵناگرن."
محەمەد سەڤەن باوکی زۆزان سەڤەن کە لەنێو رێکخستنەکانی ئاکەپەدا لە جۆلەمیرگ چالاکە لەبارەی کاندیدبوونی کچەکەی لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
محەمەد سەڤەن دەڵێت، " کچەکەم بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بکاتەوە، ئەم بڕیارەی داوە. ڕای کچەکەمە. هیچ پەیوەندیەکی بە خانەوادەکەمانەوە نییە. ٢٠ ساڵە لەنێو ئاکەپەدا سیاسەت دەکەم. کچەکەم لە جۆلەمێرگ ناژی. ئەم هەنگاوەی منی زۆر نیگەران کردووە."
زۆزان سەڤەن هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لەبەرامبەر قسەکانی باوکی نووسیویەتی، " خەڵک پێم دەڵێن ئایا داواکاریەکەت بۆ کاندیدبوون دەکشێنیتەوە یان نا؟ پێویستە بوو روونکردنەوە بدەم. بۆیەش لێرەوە رایدەگەیەنم، راستە پشتگیری باوکم گرنگ بوو بۆ من، بەڵام بەداخەوە کە لەدژی منە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆکار کە لە تێکۆشانم بۆ ئازادی بکشێمەوە."
لەلایەکی دیکەوە، پارتی چەپی سەوز لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، " زۆزان خان، بەخێر بێیت، رێگەیەکی دروستت هەڵبژاردووە."

