ڕۆیتەرز: لە چەند کاتژمێرێکی داهاتودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرچاوە فەرمییەکان ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتنێکیان واژۆکرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەڵێت، بەرپرسێکی حکومەتی بەغدا ڕایگەیاندووە داوایەکی فەرمی نێردراوە بۆ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی عێراق و تورکیاوە و "لە چەند کاتژمێری داهاتوودا  دەستپێدەکاتەوە."

تورکیا لە 25ی مانگی سێدا نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی ڕاگرت لە ڕێگەی بۆرییەکەوە لە ناوچەی سنووری فیش-خابوورەوە بۆ بەندەری سەیهان پاش ئەوەی عێراق دۆسیەیەکی دادوەری بردەوە لە دادگای پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بردەوە.

ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هەرچەندە ئەو نەوتە  نزیکەی 0.5٪ی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت، بەڵام بڕیارەکە کۆمپانیا نەوتییەکانی ناوچەکەی ناچارکرد بەرهەمهێنان ڕابگرن یان بەرهەمهێنان بگوازنەوە بۆ تانکی خەزنکردنی خێرا، هەروەها یارمەتیدەر بوو بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ نزیکەی 80 دۆلار.

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گەشتی بۆ بەغدا کرد بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ محەمەد ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاشنا بە هەناردەی نەوتی هەرێم کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بەو ئاژانسەی گوتووە  کە فەرمانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و بەرهەمهێنان بە کۆمپانیاکانی نەوت لە ناوچەکە نەگەیشتووەتە دەستیان.

هەروەها لە بارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە بەغدا ڕایگەیاند تورکیا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی پێشێلکردووە بەوەی ڕێگە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات بەبێ ڕەزامەندی ئەو نەوت هەناردەی جیهان بکات.

دوو بەرپرسی عێراق بەو ئاژانسەیان گوتووە،بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، کۆمپانیای بازاڕکردنی دەوڵەتی عێراق سۆمۆ دەسەڵاتی بازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەبێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکدا لە بانکی ناوەندی عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێن و بەغدا چاودێری هەژمارەکە دەکات.

هەر ئەمڕۆش دوای واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکە سودانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بارزانی وتی. "پێویستە هەموو کەسێک پابەندی ئەم ڕێککەوتنە بێت و جێبەجێی بکات"،

وتیشی "ڕێککەوتنەکە کاتییە هەتا یاسای بودجە لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت و هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار