پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە ئازادکرا و دادگای ئەوروپاش داوای ئازادکردنی هەموو پەرلەمانتاران دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
ئیدریس بالوکەن پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دوای زیاتر لە شەش زیندانی ئازادکرا و دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش داوا دەکات، هەموو پەرلەمانتارانی پێشووی هەدەپە ئازاد بکرێن.
ئەمڕۆ بالوکەن لە زیندان ئازادکرا کە لە ٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٧ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی رێکخستنی نایاسایی سزای بەسەردا سەپێندرابوو.
لەلایەکی دیکەوە، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، سکاڵای تورکیای لە دادگاکە رەت کردەوە کە داوای کردبوو، بڕیاری ئازادکردنی پەرلەمانتارانی پێشووی هەدەپە هەڵبوەشێندرێتەوە.
دادگاکە جارێکی دیکە رایگەیاند، ١٣ پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراون و تاوانیان نییە و پێویستە ئازاد بکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا ٣٩ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە و بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایانگەیاندووە کە ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست هەموو بریارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ دەکەن و لەو حاڵەتەشدا، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە و پەرلەمانتارانی پێشووی دیکەی ئەو پارتە ئازاد دەکرێن.
هەروەها لە کارنامەی جەهەپەدا هاتووە کە یاسای قەیومیش لە تورکیا هەڵدەوەشێندرێتەوە کە بەگوێرەی ئەو یاسایە، دەست بەسەر زۆربەی زۆری شارەوانیەکانی هەدەپەدا گیراوە و چەندین هاوسەرۆکی شارەوانیەکان دەستگیرکراون و لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.
