نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین هەموو لایەنەکان پابەندبن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا بوه‌، داواش له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كاربكه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ی دیاریكراوه‌.

نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دوای به‌شداریكردن له‌ پرسه‌ی شێخەڵا ئیبراهیم، ئه‌ندامی خولی دوه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی فراكسیۆنی پارتی كه‌ دوێنێ لە تەمەنی 74 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، بۆ رۆژنامه‌نوسان دوا، رایگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوامان له‌ تیمی یه‌كێتی كردوه‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو حكومه‌ت " و داوایکرد لایەنەکان پابەند بن بە کاتی دیاریکراوەی هەڵبژاردن .

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان دیاریکردووە، راشیگه‌یاند، داوا له‌ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، پابه‌ندی كاتی دیاریكراوی هه‌ڵبژاردن بن.

هاوکات سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتی بۆ ناو حكومه‌ت، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند،"من خۆم داوام کردووە و سەرۆکوەزیرانیش داوای کردووە، پێمان وایە گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکان زۆر پێویستە؛ کێشە هەیە، بەڵام دەتوانین کێشەکان بە گفتوگۆ لەنێو حکومەت چارەسەر بکەین." 

له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رێككه‌وتنێكی زۆر گرنگه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو عێراقدایه‌، ئێمه‌ ته‌ئكیدیمان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌رێكی عێرقییانه‌ هه‌بێت.

گوتیشی: "ئێمه‌ پێشتریش بۆ رێككه‌وتن ئاماده‌بووین، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ حكومه‌ت له‌ به‌غدا ئاماده‌بوو بۆ رێككه‌وتن".

هیواشی خواست ئه‌م رێككه‌وتنه به‌ زووترین كات‌ بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردن،  كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدایه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار