ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی: تەقینەوەیەك رویدا

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی تەقینەوەیەك لەنزیك سیاجی فڕۆكەخانەی سلێمانی رویدا، هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لێنەكەوتەوە و تەنها بوە هۆی كەوتنەوەی ئاگر و پاش ماوەیەكی كورتیش ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 7-4-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانیان سەرقاڵی بەدواداچوونن لەبارەی رووداوەکە و هاووڵاتییان و گەشتیاران دڵنیا دەکاتەوە کە "هیچ گرفتێك لە فڕۆكەخانە نییە و گەشتەكان و كاروبارەكانی فڕۆكەخانە بەشێوەی ئاسایی خۆیان بەڕێوەدەچن."

ئێوارەی ئەمرۆ دوای ئەوەی لەنزیک فرۆکەخانە ئاگرێک بینرا ، دەنگۆی ئەوە لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە، کەگوایە فڕۆكەخانەكە لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە بۆردومانكراوە. بەڵام بەرپرسانی فرۆکەخانە ئەو ھەواڵە رەتدەکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکداتە ماوەی چوار رۆژە توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخستووە بەھۆیەوە لەسەدا٥٠ گەشتەکانی فرۆکەخانەکە راگیراون.

دەقی راگەیێندراوی ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی:

ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی یەوە 

ئەمڕۆ ئێوارە ٢٠٢٣/٤/٧ كاتژمێر ٤:١٨ خولەك لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك ڕوویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبوو  و بووە هۆی ئاگر كەوتنەوە، دەستبەجێ تیمەكانی بەرگری شارستانی فڕۆكەخانە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد.

لە ئێستادا هێزەكانمان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە ڕووداوەكە و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر بڵاو دەكەینەوە

هاوڵاتیان و گەشتیارە بەڕێزەكان ئاگادار دەكەینەوە، كە هیچ گرفتێك لە فڕۆكەخانە نییە و گەشتەكان و كاروبارەكانی فڕۆكەخانە بەشێوەی ئاسایی خۆیان بەڕێوەدەچن .

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی 

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

٢٠٢٣/٤/٧

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار