قوباد تاڵەبانی: جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

قوباد تاڵەبانی سەرکۆنەی هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکات و راشیدەگەیەنێت، " جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە  و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و بە هیچ شێوەیەک بۆی نیە بە ناوی هەمو حکومەتەوە قسە بکات".

قوباد تاڵەبانی لەپەیامێکدا بڵاویکردەوە، "بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین، بە ئامانج گرتنی فرۆکەخانەیەکی مەدەنی نەک تەنها بەزاندنی سیادەی عیراقە، بەڵکو تەسعیدێکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی کوردستان".

دەقی راگەیێندراوەکەی قوباد تاڵەبانی:

بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین. بە ئامانج گرتنی فرۆکەخانەیەکی مەدەنی نەک تەنها بەزاندنی سیادەی عیراقە، بەڵکو تەسعیدێکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی کوردستان. 

لەهەمان کاتدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی روون دەکەینەوە کە؛ جوتیار عادل گووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە  و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و بە هیچ شێوەیەک بۆی نیە بە ناوی هەموو حکومەتەوە قسە بکات و دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین.

قوباد تاڵەبانی

ئەم پەیامەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەبوو ئێوارەی ئەمڕۆ ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 7-4-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە "سیاجی فڕۆکەخانە" تەقینەوەیەک روویدا و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە، بەڵام ئاگرکەوتەوە و تیمەکان هەرزوو ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد.

ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەکەیدا گوتی، هێزەکانیان سەرقاڵی بەدواداچوونن لەبارەی لەبارەی تەقینەوەکەی کاژێر 04:18ـی ئەم ئێوارەیە و لە داهاتوودا زانیاریی زیاتر بڵاودەكەنەوە.

دوای ڕوداوەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو باسی لەوە کردووە، "رەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حیزبی لە سنووری سلێمانی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕوکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت، لە ئەنجامیشدا هاووڵاتییانمان لەو دەڤەرە باجی هەڵەکانیان بدەن."

لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، "‏‎پێویستە کوتایی بەم کارە ناڕەوایانە بێت و دەسەڵاتی حکومەت بگەڕێتەوە و حوکمڕانییەکی شایستە، کە شایانی خەڵکی سلێمانی بێت و لە خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیدا بێت، جێگیر بکرێت و کۆتاییش بەو دۆخە ئاڵۆزەی ئەو دەڤەرە بێت و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی سەربەرزی سلێمانی دەستەبەر بکرێت."

هاوکات هەر سەبارەت بەم ڕوداوە، وێڕای لێدوانەکان، هەندێک دەزگای میدیایی دەرەکی بڵاویانکردەوە، دوو درۆنی تورکی لێدانی هوشدارییان ئاراستەی لای ئەو هێلیکۆپتەرە کردووە کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەی تێدابووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەم زانیارییانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار