ژمارەیەک لە چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی سلێمانی سبەینێ گردبونەوەیەک ئەنجام دەدەن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ژمارەیەک لە چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە لە بانگەوازێکدا ڕایانگەیاند سبەینێ لە شەقامی سالم سەهۆڵەکە گردبونەوەیەک ئەنجام دەدەن لە بەرامبەر ئەو هێرشەی کرایە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.
دوای ئەوەی دوێنێ هەینی هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر فڕۆکە خانەی سلێمانی و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو مشتومڕو ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەناو چینە جیاجیاکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هەربۆیە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی سلێمانی بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەو هێرشە بڕیاریاریان داوە سبەی یەکشەممە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ لە شەقامی سالم کۆببنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسلەوەشکراوە کە لە گردبونەوەکەدا تەنها ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەدرێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە :
بانگەوازێک لە خەڵکی سلێمانییەوە
هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا کە هەموو کوشتار و شەڕ و ئاژاوەیەکی تێداحەرامکراوە، بە سەرەتای هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەزانین و بە هێرش و پەلاماری سەر کەرامەت و شکۆی کوردستان بە گشتی و سلێمانی و خەڵکەکەی بە تایبەت دەزانین.
ئێمە وەک کۆمەڵێک لە کەسایەتی و خەڵکی سلێمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرش و پەلامارە، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین بە یەکدەنگ بەرپەرچی ئەم پەلامارە بدەنەوە و ڕێگە نەدەن دوژمنان لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت شکۆی خەڵکی کوردستان بشکێنن.
سبەینێ ڕۆژی یەکشەممە ٩-٤-٢٠٢٣ هەموومان لە شەقامی سالمی(سەهۆڵەکە) شاری سلێمانییەوە کاتژمێر ٣ پاشنیوەڕۆ کۆدەبینەوە و بە یەک دەنگ دژی ئەم دەستدرێژییانە دەوەستینەوە.
داوا لە خەڵکی تەواوی کوردستان دەکەین و هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕێ دەکەین کە پشتیوانی سلێمانی بن.
تێبینی : لە کۆبونەوەو گردبونەوەکەماندا تەنها ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەدرێت.
دەستەیەک لە خەڵکی شاری سلێمانی
٨-٤-٢٠٢٣
