هەدەپە: ئێمە لەگەڵ خەڵکی سلێمانیداین
3 ساڵ لەمەوپێش
هەدەپە رایگەیاند، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەغدا و هەولێر لەبەرامبەر هێرشەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵوێستی روونیان هەبێت.
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە هێرشەکە لە بەرامبەر مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) ئەنجامدرابوو.
هەدەپە رایگەیاند، هێرشی سەر خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی مەدەنی، بۆ هەموو هەرێمەکە دۆخێکی مەترسیدارە. هێرشی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاستی مەترسیەکانی زیاتر کردووە.
هەدەپە دەڵێت، " هەرچەندە لە هێرشەکەدا کە هەموو ساڵێک بە ملیۆنان خەڵکی مەدەنی فڕۆکەخانەکە بەکار دەهێنن و هیچ قوربانیەکی لێنەکەوتەوە، بەڵام گرنگە رای گشتی و بە تایبەتی خەڵکی سلێمانی هێزەکانی پشت هێرشەکە ئاشکرا و شەرمەزار بکەن.
هەدەپە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە پێشتریش چەندین هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشەکاندا کوژراون و ئەنجامدەران ئاشکرا نەکراون کە ئەمەش رێگە بۆ هێرشی نوێ دەکاتەوە. ئاشکرایە ئەو لایەنەی هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، دەیەوێت توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن و لەم ناکۆکیانە سوود وەربگرن. بۆیەش بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی بەغدا و هەولێر دەکەین کە لەبەرامبەر ئەم هێرشانە کە خەڵکی مەدەنی دەکرێنە ئامانج، هەڵوێستی روونیان هەبێت و بانگەوازی لە خەڵکی سلێمانی دەکەین کە لەم دۆخەکە لەگەڵ ئەوانین.
