حەسەن جەمال: تاوەکو کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەبێت هیچ پێشکەوتنیک روونادات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حەسەن جەمال کاندیدی پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیادا دەکات رایگەیاند، دۆخێکی خراپ لە تورکیا هەیە، پێویستە کۆتایی بە دەسەڵاتی تاکەکەسی بهێندرێت، لە رێگەی کۆمارێکی دیموکراتەوە وڵات ئاوەدان بکرێتەوە و سەرەتا کێشەی کورد چارەسەر بکرێت.

نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی تورکیا حەسەن جەمال کە کاندیدی پارتی چەپی سەوزە لە پارێزگای ئەستەنبوڵ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و ئاماژەی بە دۆخی تورکیا و هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار کرد. حەسەن جەمال وتی، " ئەم هەڵبژاردنە مێژوویی و چارەنوسسازە. لە دۆخێکی هەستیارداین. لەم ٢٠ ساڵەی دواییدا تورکیا بە شێوەیەکی زۆر خراپ بەڕێوە براوە، تورکیا بووەتە وڵاتی قەیرانەکان. بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان، پێویستە کۆمارێکی دیموکرات بنیات بنرێت. "

حەسەن جەمال ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە هەموو کێشەکانی تورکیا و بە تایبەتی کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر بکەین. پێویستە لێبوردنی گشتی دەربکرێت و زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن. رۆژنامەنووسان ئازاد بکرێن. لە تورکیا، ماف، دادپەروەری مسۆگەر بکرێت و ئاشتی بەرقەرا ببێت.

باسی ئەوەی کرد کە پێویستە هەوڵ بدرێت لەژێر چەتری پەرلەماندا، رۆحی هاوکاریکردن پێشبخرێت. تاوەکو ئێستا دۆخێک دروست کراوە کە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، لایەنەکان یەکتریان وەک دوژمن بینیوە نەک وەک رکابەر و لەو دۆخەدا هیچ پێشکەوتنێک رووینەداوە و دۆخەکە خراپتر بووە.

حەسەن جەمال کاندیدی پارتی چەپی سەوز دەشڵێت، " دەبێت کێشەی کورد ببرێتە پەرلەمان. بە شێوەیەکی ئارام و بێ ئەوەی پەلە بکرێت و پێویستە بە دانوستان و دیالۆگ باسی هەموو لایەنەکانی کێشەکە بکرێت. لە رابردوودا ئەزمونکراوە کە چارەسەری ئاسان نییە، بەڵام دەتوانین جێبەجێی بکەین. تاوەکو کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، کێشەکانی دیکەی وەک ئابور، دادپەروەری و یاسا چارەسەر ناکرێت. لەم چوارچێوەیەدا موخاتەبی کێشەی کورد هەیە، پێویستە لەگەڵ لایەنەکانی کێشەکە دەست بە دیالۆگ بکرێت، لەبەرئەوەی تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ پێشکەوتنێک روونادات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار