عێراق داوای لە دادگایەکی ئەمریکا کردووە بڕیارەکەی دادگای پاریس دژی تورکیا بناسێنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
عێراق داوای لە دادگایەکی فیدراڵی ئەمەریکا کردووە بڕیارەکەی دادگای پاریس بناسێنێت کە پەیوەندی هەیە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەرێکی تورکیا.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق لە دادگای ناوچەی کۆڵۆمبیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سکاڵایەکی نوێی تۆمارکردوە کە تێیدا داوای لە دادگاکە کردوە "بڕیاری کۆتایی دادگای ناوبژیوانی پاریس بناسێت و جێبەجێی بکات".
هەنگاوە نوێیەکەی عێراق دوای ئەوە دێت لە رۆژی 25ی مانگی رابردو وڵاتەکە توانی سکاڵایەک بباتەوە کە لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە تۆماری کردبو، ئەوەش وایکرد تورکیا هەناردەکردنی نەوت ڕابگرێت، کە هاوتایە لەگەڵ نزیکەی 0.5٪ی دابینکردنی نەوتی جیهانی لە بەندەری جیهانی تورکییەوە و بەغدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ڕێگەی تورکیاوە بە نایاسایی دەزانێت.
هاوکات عێراق لە 25ی مانگی سێدا ڕایگەیاند کە کەیسەکەی بردۆتەوە وبەپێی بڕیارەکانی دادگای ناوبژیوانی پاریس، تورکیا دەبێت نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوی عێراق بکاتەوە، چونکە بەبێ مۆڵەتی عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی لە نێوان ساڵی 2014 بۆ 2018 فرۆشتوە.
دوای راگرتنی هەناردەی نەوت بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردە، هەولێر رێککەوتنێکی کاتی لەگەل بەغداد واژۆ کرد، بەڵام تا ئێستا پرۆسەکە دەستیپێنەکردوەتەوە.
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەک کە قسەیان رۆیتەرز کردوە، تورکیا پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەیەوێت ئەو دۆسیەیەک یەکلایی بکاتەوە کە پەیوەندیی بە ساڵی 2018ەوە هەیە، چونکە دوای سێ رۆژ لە دەرچونی بڕیارەکەی ئەو دادگایە ،وەزارەتی وزەی تورکیا رایگەیاند دادگای ناوبژیوانی پاریس فەرمانی بە عێراق کردوە قەرەبووی ئەنقەرە بکاتەوە.
