حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی پێکبهێنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆچوارشەممە کۆبونەوەو ڕایانگەیاند، بڕیاریانداوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ رووداوەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دروست بکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە، بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە باسکردبووە لەسەر ئەوهێرشەی کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕوداوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەربڕیوەو ڕایگەیاندووە، "حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەر بەشێکی هەرێمی کوردستان دەکات".
ڕونیشیکردەوە، "حکومەتی هەرێم، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمن و ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو کار و جموجۆڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبێت".
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران لەم بارەیەوە بڕیاریدا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بۆ ئەو ڕوداوانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دروست بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواتریش ئەو هێرشەی لە نزیک فڕۆکەخانە ڕویدا.
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران لە دوای هێرشەكەی ڕۆژی هەینی حەوتی نیسانی 2023 بوو كە بەدرۆن كرایە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، تائێستا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت، بەتایبەت كە پەنجەی گومان بۆ توركیا درێژكراوە و ڕووداوەكەش ناكۆكی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتی زیاتركرد.
ڕووداوەكە هیچ زیانێكی بە هەسەدە و ئەمریكیەكان نەگەیاند، سەرەتا هەسەدە ڕەتیكردەوە مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەسلێمانی بووبێت، بەڵام دواتر لەڕاگەیەندراوێكدا فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند فەرماندە مەزڵوم كۆبانی لەوكاتەدا لەسلێمانی بووە و تا بەسەلامەتی نەگەیشتووەتەوە ڕۆژئاوای كوردستان نەیانویستووە ئاشكرای بكەن.
هەروەها ڕووداوەكە لەمیدیای ناوخۆیی و جیهانی كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، زانیاری جیاوازی لەسەر بڵاوكرایەوە، بەتایبەت كە هەفتەیەك پێش ئەو ڕووداوە توركیا گەشتەكانی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بەپاساوی چالاكبوونی پەكەكە لەناوچەكە داخست.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی گشتی کە لەلایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە بانکەکانی پارێزگای سلێمانیش (وەکوو پارێزگاکانی تری هەرێم ) پابەند بکات بەوەی نەختینەی پێویست و بۆ کڕینی دەرمان دابین بکەن.
لە کۆتاییدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕەشنووسی ( سیاسەتی پاراستنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان ) خستەڕوو.کە بریتییە لە کۆمەڵێک بەرنامە و ڕێکار بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و سووکایەتی پێکردن و پشتگوێخستن لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.
دوای خستنەڕووی چەند تێبینی و سەرنجێک بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە ، ئەنجومەنی وەزیران سیاسەتی پاراستنی منداڵی پەسەند کرد.
