هۆشدارییەک لە کەشناسییەوە: پێنجشەممە بارانی بەخوڕ و هەینی تەرزە دەبارێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەی و دووسبەی دەڵێت، پێنجشەممە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت و ئەگەری رەشەبای بەهێز هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، ئاماری بارانبارینی 12 کاتژمێری رابردوی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی پێشبینیەکانیش، تاوەکو رۆژی هەینی بارانبارین بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی ناسەقامگیری کەشوهەوای هەرێم کە زۆربەی جۆری هەورەکان هەوری جۆری کیومولۆنمبوسن، سەرەرای رێژنە باران و بروسکە، تەرزەیان لێدەبارێت".
کەشناسی هەرێم داواشیکردوە، هاوڵاتیان بە گشتی و ئەوانەی لە دەشت و کێوەکانن بەتایبەتی (شوان و جوتیارەکان) خۆیان و ئاژەڵەکانیان بەدوربگرن لە شوێنە بەرزەکان یان ئەگەر بکرێت نەچنە دەرەوە، بەهۆی بونی بارگەیەکی زۆر لە ئاسمانی هەرێم تاکو رۆژی هەینی داهاتو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "کاریگەری بارانی بە لێزمە بەردەوامی دەبێت لەکاتژمێرەکانی داهاتو بە تایبەتی لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم (دەفەری پشدەر، باکوری شاری کەرکوک پاشان لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، هەروەها زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای هەڵەبجەو گەرمیان، بەتایبەتی لەکاتەکانی درەنگانی شەودا)".

