باران و لافاو رۆژهەڵات و 19 پارێزگای ئێران دەگرێتەوە
دۆخی نائاسایی و حاڵەتی ئامادەباشیی لە حەوت پارێزگا راگەیەنرا
کۆبونەوەی ئاو لە شەقامێکی شاری سنە
3 ساڵ لەمەوپێش
بارانی بەلێزمە و لافاو پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و 19 پارێزگای دیکە لە ئێران دەگرێتەوە و بەهۆی ترس لە زیانەکانی لافاو و پڕبونی بەنداوەکان گوندێک چۆل دەکرێت و لە حەوت پارێزگا دۆخی نائاسایی رادەگەیەنرێت.
لە 24 کاتژمێری رابردودا بارانی بەخوڕ، پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ و لوڕستان لە رۆژهەڵات و پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی گرتوەتەوە و تیمەکانی فریاگوزاریی رەوانەی 16 شار و شارۆچکەی ئەو ناوچانە کراوە.
کۆمەڵەی مانگی سور لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ دۆخی حەوت پارێزگا لە رۆژئاوا و باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە نائاساییە و تا ئێستا 800 کەس رزگار کراون و کۆمەڵەکەش حاڵەتی ئامادەباشیی بەهۆی بەرزبونەوەی ئاوی بەنداوەکان و باران و لافاو لەو ناوچانە راگەیاندوە.
کەشناسی ئێران پێشبینی کردوە بارانی بەلێزمە، تەرزە ، لافاو و هەورە بروسکە تا 24 کاتژمێری داهاتو لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بێت و بەهۆی تواناوەی بەفری ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری لافاو و بەرزبونەوەی ئاستی بەنداوەکان هەیە.
داوا لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە کراوە هاتوچۆ نەکەن و بە هیچ جۆرێک لە نزیک پرد و روبارەکان نەوەستن چونکە تا ئێستا ژمارەیەک پرد بەهۆ لافاوەوە روخاون و ئاو بردویەتی.
