ئێران بۆ کۆنتڕۆڵی پارەی چاپکراو ژمارەیەک بانک دادەخات

بانکی ناوەندیی ئێران بەڵێنی رادەستکردنەوە پارەی بانکە داخراوەکان دەدات

محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران

یەک ساڵ لەمەوپێش



بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند بەهۆی تۆمارکردنی زیانەوە ژمارەیەک بانکی وڵاتەکە دادەخرێت و بەڵێن دەدرێت پارەی خاوەن ئەژمارە بانکییەکانیش رادەست بکرێتەوە.

محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ لە چەند مانگی داهاتودا ژمارەیەک بانک کە ئاستی زیانەکانیان زۆرە و هۆکارێکن بۆ زیادبونی پارەی چاپکراو لە وڵاتەکە دادەخرێن.

فەرزین وتویەتی: بۆ ئەوەی سیاسەتی داریی بە بێ هەڵاوسانی ئابوریی جێبەجێ بکەن پێویستە ئەو بانکانەی کە ناتوانن ناهەوسەنگیی سەرمایە و پارەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن لەکاربخرێن و دابخرێن.

پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئاشکرای کردوە؛ ناوی ژمارەیەک بانک رادەستی حکومەت کراوە بە مەبەستی داخستنیان بۆ ئەوەی رێگریی لە چاپی زیاتری پارەی تمەن بکرێت و بەمزوانە ناوەکانیان ئاشکرا دەکرێت.

بانکی ناوەندیی ئێران بەڵێنی داوە لەگەڵ داخستنی ئەو بانکانە، بڕی پارەی سەرجەم بەشداربوان و خاوەن ئەژمارە بانکییەکانی ئەو بانکانە رادەست بکاتەوە.

پێشتر ناوەندی (کۆدال) لە ئێران  ئاشکرای کردبوە کە لە کۆی 29 بانک 13 بانکیان، زیانی زیاتر لە 366 تریلیۆن تمەن-یان تۆمار کردوە کە چوار هێندەی ئەو پارە کاغەزەیە کە ئێستا بەدەست دانیشتوانی وڵاتەکەوەیە.

لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە کۆی زیانی ئەو بانکانەی ئێران تەنها لە نۆ مانگدا 47 تریلیۆن تمەن بوە و لە هەندێک مانگیشدا گەیشتوەتە 100 تریلیۆن تمەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار