٢١ هەزار خەڵکی بیانی لە جێگەی کوردانی گرێ سپی نیشتەجێکراون
3 ساڵ لەمەوپێش
دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ساڵێکی رابردوودا، ٢١ هەزار کەسی بیانی لە جێگەی کوردانی کانتۆنی گرێ سپی رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئەو شارە داگیرکراوە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی گۆڕینی دیموگرافیای هەرێمە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانەوە، خەڵکی بیانی لە سەر زێدی کوردان نیشتەجێ دەکرێن.
ئاژانسی هاوار نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە لە گرێ سپێ کە لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکراوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٢١ هەزار کەسی بیانی هێنراون بۆ شارەکە و لەسەر زێدی کورد نیشتەجێکراون.
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئەنجومەنی کانتۆنی گرێ سپی، دەوڵەتی تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩، لە گرێ سپی و گوندەکانی زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی خۆجێییان بە زۆر دەرکردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاش لە نیسانی ٢٠٢٢دا رایگەیاندبوو کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان دەست بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون دەکەن و خانەوادەی چەکدارە توندڕەوەکانی ناوچەکانی دیکە و ناو تورکیا بۆ ئەو ناوچانە دەگوازنەوە.
