پێنتاگۆن: هێرشەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی 100 مەتر لە هێزەکانمانەوە دوور بووە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە  ڕایگەیاند ، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی 100 مەتر لە هێزەکانی ئەمریکا و فەرماندەی گشتیی هەسەدە دووربووە. دەشڵێت "ئێستا سێنتکۆم لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات". 

پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا -پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئاشکرایکرد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکەن کە ئەو مووشەکەی ئاراستەکراوە. تەنیا ‌100 مه‌تر له‌ كاروانی هێزه‌كانیانەوە دوور بووه.

پات رایده‌ر ئاماژەی بەوەشکرد، له‌ 2014ـه‌وه‌ له‌ جه‌نگی دژی داعش هاوپه‌یمانی هه‌سه‌ده‌ن و هیچ قوربانییه‌كیشیان له‌ رووداوه‌كه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی نه‌بووه.

گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، "7ی نیسان کاروانێکی ئۆتۆمبێل کە سەربازی ئەمریکیشی تێدابوون بە ئامانج گیران لە هەرێمی کوردستان لە نزیک سلێمانی وەک دەزانن هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق بۆ هاوکاری هێزە خۆجێییەکان لەوێن بۆ شەری دژبە داعش. لەو هێرشەدا هیچ قوربانیەک نەبووە و هێرشەکەش لە دووری زیاتر لە 100 مەتر لە کاروانی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە بووە کە سەربازەکانی ئێمەی تێدابووە".

هاوکات لەبارەی ئەوەی کە ئەرکی هێزەکانیان چی بووە لە گەشتەکەیاندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، گوتی: "ئەو گەشتەشیان لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا بووە و هێزەکانی ئەمریکا و هێزە نێوخۆییە هاوبەشەکانمان لە عێراق  و سووریان لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش شەڕدەکەن".

پاتریک گوتیشی کە "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیاتر لە 100 مەتر لە کاروانەکە دوور بووە." لەبارەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش، گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی: ئێستا فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم لێلکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات. 

رۆژی (هەینی 7ی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روویدا و بەوهۆیەوە ئاگر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کەوتەوە. پاش رووداوەکەش ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند هێرشی درۆنی بووە.

لەلایەن خۆیانەوە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، هێرشەکە بۆ بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکەیان بووە و لە هەوڵێکی کوشتن لەلایەن تورکیاوە رزگاری بووە و گەڕاوەتەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە سووریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار