ساڵح موسلیم: هەوڵ دەدرێت هێزێکی هاوبەشی تورکیا و سوریا و چەکدارەکان دژی کورد دروست بکرێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ساڵح موسلیم رایگەیاند، پێویستە کورد بەرابمەر بە کۆبوونەوی نێوان روسیا، ئێران، ئەنقەرە و دیمەشق وریابن و هەوڵ دەدرێت هێزێکی هاوبەشی تورکیا و سوریا و چەکدارەکان دژی کورد دروست بکرێت.
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، لەبارەی وتووێژەکانی نێوان ئەنقەرە، دیمەشق، تاران و مۆسکۆ، مەرجەکانی دیمەشق بۆ ئەنقەرە بۆ ئاژانسی فورات قسەی کرد. موسلیم دەڵێت، " ڕژێمی سوریا دوژمنی کوردە. تورکیاش دوژمنی ستراتیژیی کوردە، لە کۆنەوە هەڵوێستی ئێران بۆ پرسی کورد روون بووەتەوە. روسیا دەیەوێت هەموو ئەمانە بۆ بەرژەوەندی خۆی کۆبکاتەوە. لەبارەی لەناوبردنی کوردەکان لە سوریا کۆدەبنەوە. هەموو کێشەکانیان کوردە. لێرەدا ئامانج هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە، کە پارێزگاری لە مافەکانی هەموو گەلان دەکات،"
باسی ئەوەشی کرد، ئەگەر روسیا بەڕاستی پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٢ەوە پەیوەندیمان هەیە، دەیتوانی لەگەڵ رژێم کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی نەکردووە. بە شێوەیەکی پراگماتیست نزیک دەبێتەوە و دەڵێت، 'من چۆن دەتوانم سوود لە لایەنەکان ورەبگرم؟' لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەیانەوێت گەورەتریان بکەن. ئێمە هیوادارین لەو هەڵەیەیان بکشێنەوە".
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) ئەوەی خستەڕوو، کێشەکانی نێوان رژێمی دیمەشق و ئەنقەرە زۆر قووڵن و راشیگەیاند، "ئێمە باسی کۆچی ملیۆنان کەس دەکەین، باسی سەدان هەزار کەس دەکەین، کە گیانیان لەدەستداوە. ئێمە قسە لەسەر وێرانکردنی سەدا ٧٠ی گوندەکان، شارەکان و ژێرخانەکانی سوریا دەکەین. هۆکاری هەموو ئەمانە تورکیایە. لە عەفرینەوە بۆ ئیدلب و گرێ سپی، چەندین ناوچەی داگیرکردووە و لە قاعیدەوە تاوەکو گروپەکانی تر ژمارەیەکی زۆر چەتەی بەو ناوچانەدا بڵاوکردووەتەوە و تا ئێستا پشتگیرییان کردووە. سەرباز و چەتەکانی خۆی پێکەوە لەو ناوچانەدا جیگیرکردووە. ئەمانە هەمووی پیلانگێڕانە لە دژی کورد و بەرێوەبەریی خۆسەر. لەسەر پرسی کورد ڕێککەوتوون. ئەی ئەوان لەسەر شتەکانی تر چۆن رێککەوتوون؟ ئەوان پلانیان ئەوەیە هێزێکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، تورکیا و چەتەکان دژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دروست بکەن".
