بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکی گواستراوە سەردانكردنی نەخۆشخانەی منداڵان لە هەڵەبجە راگیراوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ماوەی هەفتەیەكە نەخۆشیەكی گواستراوە بەناوی "هەوكردنی پەردەی مێشك" لەپارێزگای هەڵەبجە بڵاوبۆتەوە و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئەو پارێزگایەش رایدەگەیەنێت، هەمو جۆرە سەردانكردنێكمان بۆ نەخۆشخانەی منداڵان راگرتوە، لەبەرئەوەی ترس هەیە بەشێوەیەكی فراوان ئەو نەخۆشیە بڵاوببێتەوە.
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە نەخۆشییەكی گواستراوە بە ناوی هەوكردنی پەردەی مێشك بڵاوبۆتەوە، تا ئێستا زیاتر لە 30 منداڵ رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵان كراون".
ئاماژەی بەوەشكردوە، "مەترسی هەیە زیاتر ئەو نەخۆشیە بڵاوببێتەوە، چونكە چەندین منداڵ كە ئەندامی یەك خێزانن توشی ئەو نەخۆشیە بون، هەربۆیە بڕیارمانداوە هەمو جۆرە سەردانكردنێكی نەخۆشخانەی منداڵان لە هەڵەبجە رابگیرێت، تا بتوانرێت بەر بەو نەخۆشیە بگرین".
هەوكردنی پەردەی مێشك چیە؟: بریتیە لە هەوكردنی پەردەی دەوری مێشك و دڕكه پەتك.
هۆكارەكانی: لەوانەیه بەكتریا ، ڤایرۆس ، شێرپەنجە ، دەرمان ، یان پاڕاسایت بێت.
نیشانەكانی لەوانەیە یەكێك یان كۆمەڵێك لەو نیشانانەی خوارەوە بێت:
بۆ منداڵی بچوكتر لە سێ مانگ: 1- شیرخواردنی كەم ئەبێتەوە. 2- ڕشانەوە. 3-بێزاری و ازعاج بون . 4- تای بەرز. 5-گەشكە. 6-لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت. 7- لەشی نەرم ئەبێت واتە بێ هێز . 8- شەكرەی خوێنی دابەزێت. 9- ئەو بەشەی لە كەللەی سەردا مەڵاشوی پێ ئەڵێن بەرەودەرەوە دەرئەچێت.
نیشانەكانی لە منداڵی گەورەتر لە یەك ساڵ لەوانەیە یەكێك یان كۆمەڵێك لەو نیشانانە بێت: 1-ڕشانەوەو دڵ تێكهەڵاتن. 2- سەرئێشە. 3-هەستیاری بە ڕوناكی زیاد ئەكات ،واتە بە ڕوناكی ازعاج ئەبێت. 4-تای بەرز. 5- هۆشی منداڵەكە تێك ئەچێت. 6- بێ تاقەتی و ازعاج بون. 7- لەوانەیە گەشكەی لێبدات. 8- ملی ڕەق ئەبێت.
بۆ دیاریكردنی نەخۆشیەكە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەكە دەربهێنرێت، بە داخەوە زۆرجار دایك و باوكی منداڵەكە ڕێگە نادەن ئەو شیكارە بكرێت كە زۆر ئاسانەو هیچ كێشەیەك بۆ منداڵەكە دروست ناكات.
ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت منداڵەكە لەوانەی ڕوبەڕوی چ كێشەیەكی تەندروستی ببێتەوە؟ 1- لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی. 2- كێشەی بینین و لە دەستدانی بینین. 3- كێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بە تەواوی لەدەست بدات. 4- گەشكەی بەردەوام. 5- ئیفلیج بون. 6- زیرەكی و ئاستی توانای مێشكی كەم بێتەوە.
دكتۆر پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان.
