له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان هۆشداری ده‌درێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان هۆشداری ده‌دات و رایگه‌یاند، داگیرکردنی گوندەکان و خاپورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای روخانی سەدامدایش بەردەوامە و ڕودەدات

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان ئه‌مشه‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "سەرگەڕان و بەدیاریکراوی لە سنوری گوندی پەڵکانەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بەردەرگا لە دانیشتوانی کوردی ناوچەکە دەگیرێت و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی رەمەزاندا لە بری جەژنە پیرۆزەو گەردن ئازادی و دابەشکردنی شیرینی، عەرەبی هاوردە دەکەونە وێزەی دانیشتوانی کوردی ناوچەکەو خۆشی جەژن ئەگۆڕن بۆ پشێوی و هەڕەشەو چاو سورکردنەوەو پەلاماردانی کوردی خاوەن زەوی و زارو کێڵگەو زەرعاتی ناوچەکە".

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "ئەم پەلاماردانە و داگیرکردنی گوندەکان و خاپوورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای رووخانی سەدامیش بەردەوامە و روودەدات، ئەمەش دادگە و دادپەروەریی عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەوە، ئێمە لە کاتێکدا سەرکۆنە و نیگەرانیی قووڵی خۆمان رادەگەیێنین، چاوەڕێین لە کابینەکەی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی سنوورێک بۆ ئەم جۆرە دژایەتییانە دابنرێت و دووبارە و سەدبارە نەبنەوە، وەکو ئێستا بەدیدەکرێت."

دەستەکە لە راگەیێندراوەکەدا داوا دەکات، دەستوور و یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، "چونکە پەلامار و هەڕەشەی چەکداری نە برینەکان ساڕێژ دەکات و نە هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانەش بەم کردەوانە بێدەنگ دەبن."

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "هەمو لایەک دڵنیادەکەین بەهەوڵی دڵسۆزان ئێستا بارودخی ناوچەکە ئارامە، بەڵام پێمان وایە ماددەی 140 بنەما گشتیەکەی چارەسەربونی یەکجاری کێشەکانە لەمبارەیەوە ڕو دەکەینە بەڕێزان لە سەرۆکایەتی کۆمارو وەزیرو فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغدا، توانا دەستوریەکانی خۆیان لە ئاست جێبەجێکردنی ئەم ماددە دەستوریە بخەنەگەڕ، لەلایەکی تریش هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی ئەم یاساشکێنی و زیادە ڕەویانە".

رۆژی هەینی 21-04-2023 شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان عەرەبی هاوردە و هاونیشتمانییانی ئەو گوندە دروستبوو. لەبارەی ئاڵۆزی و شەڕەکەوە، دوێنێ بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت ڕایگەیاند، لە شەڕەکەدا سێ کەس بریندار بوون و لە نەخۆشخانە دەستبەسەرن.

 

گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارۆچکەی سەرگەڕانە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار