سبەینێ کۆبونەوە جەماوەرییەکانی پارتی چەپی سەوز دەست پێدەکەن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 یەکەم کۆبونەوەی جەماوەری لە جۆلەمێرگ و دوایینیان لە ئامەد دەبێت پارتی چەپی سەوز کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەهۆی مەترسی داخستنی لە رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردووە، سبەینێ ٢٤ی نیسان دەست بە کۆبونەوە جەماوەریەکانی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پارتەکە، پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، چیدەم کلچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاکن هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز، بەرپرسانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی، کۆنگرەی دیموکراتی گەلان، سەرۆک و بەرپرسانی پارتەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەشداری لە میتینگەکاندا دەکەن.

لەم چوارچێوەیەدا لە ٢٤ی نیسانەوە تاوەکو ١٣ی ئایار لە ٦٥ پارێزگا و ناوچەی باکوری کوردستان و تورکیا، لەگەڵ جەماوەرەکەیان کۆدەبنەوە. لە یەکەم میتینگ لە جۆلەمێرگ و سلۆپی دەبێت و دوایینیشیان لە ئەستەنبوڵ و ئامەد دەبێت.

هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، لە هەدەپە و پێنج پارتی چەپ و سۆسیالیستی تورکیا و باکوری کوردستان پێک دێت و بەگوێرەی راپرسیەکان کە لەلایەن کۆمپانیاکانی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوە ئەنجامدراون، هاوپەیمانێتیەکە دەتوانێت، نزیکەی 12٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.

هەرچەندە تاوەکو ئێستاش بە فەرمی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری نەکردووە، بەڵام پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە چەند رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند کە دوای جەژنی رەمەزان، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی رادەگەیەنن و بە ئەگەرێکی زۆر، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دەدات.

بەگوێرەی زۆرینەی راپرسیەکان کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەنجامدراون، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا پێدەچێت هیچ کاندیدێک نەتوانیت رێژەی ٥١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگەکانی کلچدارئۆغلۆ زیاترە، ئەگەرێکی زۆرە کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئەردۆغان بهێندرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار