ئەو کۆڵبەرەی بە ئەنقەست لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە بە ئۆتۆمبێل کرا بهژێرەوە و گیانی لەدەستدا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
محەمەد لەتیف ئەحمەدپور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سنوری هەنگەژاڵ بە ئۆتۆمبێل کرا به ژێرەوە و دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی سەقز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ یەکشەممە محەمەد لەتیف ئەحمەدپور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە، كه تەمەنی 36 ساڵه و خێزاندار و باوکی منداڵێک بوە، پێشتر لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە ئۆتۆمبێل کرابو به ژێرەوە، لە نەخۆشخانەی شیفای شاری سەقز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی پێنج شەممەی رابردوو کۆڵبەرێکی ٣٦ ساڵان بە ناوی "لەتیف ئەحمەدپوور" لە کاتی گەڕانەوەی لە کاری کۆڵبەری، لەلایەن چەکدارانی ئێرانەوە کرایە ژێر ئوتومبێلەوە و بە سەختی بریندار بوو دوای رووداوەکە، ئەو کۆڵبەرە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەقز. بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لە دەسدا، و تەرمی ئەو کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بەرەو بانە بەڕێ کراوە و بڕیارە لە گۆڕستانی سڵێمان بەگی شاری بانە بنێژرێت.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلی ئەم هێزانە بەپاڵ گروپێک کۆڵبەر کە بە پێ خەریکی ڕۆیشتن بون تێپەڕیوە، سەربازێک لە ئۆتۆمبێلەکەوە بەدەست پشتە ملی محەمەد لەتیف ئەحمەدپوری گرتوە و و دوای چەند مەترێک ڕاکێشانی، ناوبراو هاوسەنگی خۆی لەدەستداوە و کەوتوەتە ژێر تایەکانی پشتەوەی ئەم ئۆتۆمبێلە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەحمەدپور ڕایگەیاند، لە ئاکامی ئەم کارە بەئەنقەستەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت، مل و شانی محەمەد لەتیف ئەحمەدپور لە چەند شوێنێکەوە شکاوە، کە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شیفا لە سەقز و مانەوەی چەند ڕۆژێک لەو نەخۆشخانەیەدا گیانی لەدەستدا.
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندوە، کە کەماڵ خدری، فەرمانداری بانە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرەوە گرتوە و هەڕەشەی لێیان کردوە کە دەبێت تەرمی ناوبراو لە شەودا و بێئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی بەخاک بسپێرن
