هەدەپە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکاندا یادی قوربانیانی کردەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) یادی ئەو قوربانییە ئەرمەنییانەی کردەوە، کە لە کۆمەڵکوژیی ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ دا جینۆساید کراون.
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، یادی ئەو کەسانەی کردەوە، کە لە جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکان لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥دا گیانیان لەدەستداوە.
هەدەپە دەڵێت، "هیچ ناسنامە، زمان، کولتوور، یان باوەڕێک و نەتەوەیەک نییە، کە لەسەر ئەم خاکە لە سەرووی ئەوی ترەوە بێت. ئەم ڕاستییە تا ئێستا وەک ڕاستییەکی گشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی قبوڵ نەکراوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هەدەپە ئەوەی خستووەتەڕوو کە وەستانەوە لە بەرمابەر ئەو تاوانانەی کە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و یەکسان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا راشیگەیاند، "ئێمە بەو هەست و بیرکردنەوەیەوە، وەک گەلانی کۆن و دێرینی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا، خۆمان بە بەشداری ئازاری ۱۰۸ ساڵەی کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنەکان دەزانین و بە دڵتەنگی و ڕێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە، کە لەو پرۆسەیەدا گیانیان لەدەستداوە."
ئەمڕۆ ١٠٨ ساڵ بەسەر "جینۆسایدی" ئەرمەنەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە تێدەپەڕێت. پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ساڵی ١٩١٥ تاوەکو ١٩٢٣ ئەنجامدرا و تێیدا ملیۆنێک و نیو ئەرمەنی کوژران.
