ئاژانسی ھەواڵیی ھاوار نیوز: ژمارەیەک کوردی رۆژئاوای کوردستان لە سودان بوونەتە قوربانی
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاژانسی ھەواڵیی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی سودانەوە، ژمارەیەک ھاووڵاتی کوردی رۆژئاوای کوردستان لەو وڵاتە بوونەتە قوربانی.
حەمۆ ئیبراھیم رەحمانۆ، کوردێکی نێشتەجێی خەرتوومی پایتەختی سودانە و لەساڵی ٢٠١١ەوە لەو وڵاتە دەژی، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ھەواڵیی ھاوار نیوزی راگەیاندووە، بەشێک لە چەکدارانی سەر بەھەردوو لایەنی شەڕکەری سودان، مامەڵەی رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد و سورییەکان دەکەن.
وتیشی، کوردانی رۆژئاوا و سورییەکانی سودان، گرفتی کارەبا و غاز و نان و ماددەی خۆراکییان ھەیە و لەلایەن خێزانە سودانییەکانەوە ھاوکاریی دەکرێن.
هەروەها بەپێی چەند ئامارێکی جیاواز، ژمارەیەک ھاووڵاتیی سوریی و کوردی رۆژئاوای کوردستان لە سودان بوونەتە قوربانی و بەشێکیان بە پاڵنەری رەگەزپەرستی کوژراون، ھەربەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٩٠ ھەزار ھاووڵاتی سوری و کوردی دانیشتووی ناوچەکانی کۆبانێ و گرێ سپی لە سودان دەژین.
هاوکات، شەوی رابردوو، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، 14 هاووڵاتیی عێراقی لە فڕۆکەخانەی خەرتوومەوە گوازراونەتەوە فڕۆکەخانەی پۆرتی سوودان. گوتیشی گواستنەوەکە لەژێر چاودێریی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقدا بووە.
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەش دا؛ هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی دیکەش کە ماون، بگوازنەوە.
گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانە لەکاتێکدایە، لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆ دەستیپێکردووە. بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا 420 کەس بەهۆی پێکدادانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 700 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
