چەند هاوڵاتییەکی هەرێم بە هۆی پاسپۆرت و فیزای ساختەی وڵاتانی ئەوروپا لە چەند وڵاتێک دەستگیرکراون
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوڵاتی
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند چەند هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بە پاسپۆرتی ساختەی وڵاتانی ئەوروپا یان دۆمینیکا گەشتیانکردووە لە چەند وڵاتێک دەستگیرکراون.
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی ، بەهۆی پاسپۆرتی ساختەوە ئاگادارکراونەتەوە لە دەستگیرکردنی چەند هاونیشتمانییەک لە وڵاتانی دەرەوە و ڕاشیگەیاند ئەوان لە رێگەی باڵیۆزخانەکانی عێراقەوە هەوڵی ئازادکردنی ئەو هاونیشتمانیانە دەدەن.
گوتیشی، "قاچاخچییەکان جگە لە پاسپۆرتی ساختە هەندێکیان فیزای ساختە دەدەن لە پاسپۆرتی عێراقی و بەم هۆیەشەوە لە چەند وڵاتێکی جیاواز هاوڵاتی هەرێم دەستگیرکراون و پێویستە هاونیشتمانیان بەهیچ شێوەیەک پاسپۆرتی ساختە نەکڕن و بڕوا بە بەڵێنی قاچاخچییەکان نەکەن، ئەوان "بازرگانی بە پارەو ژیانی خەڵکەوە دەکەن".
باسی لەوەشکرد "ئەو هاوڵاتییانەی دەستگیرکراون ژمارەیان جیاوازەو لە سیریلانکا دوو هاوڵاتی و دوبەی چوار کەسن ولە داغستان نزیکەی حەڤدە کەسن ولە بیلاڕوسیا نزیکەی 13 کەسن".
سەبارەت بەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی گیراوەتە بەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییانە ئەو ئەندام پەرلەمانە ڕایگەیاند،" ئێمە وەک لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق باڵوێزخانەکانی عێراقمان ئاگادار کردۆتەوە و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر".
ئەو ئەندام پەرلەمانە باسی لەوەشکرد، "زۆربەی ئەو هاوڵاتییانەی پاسپۆرتی ساختەیان پێییە لە لایەن قاچاخچییەکانەوە پێیان دەگوترێت لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم بە پاسپۆرتی عێراقی بچنە وڵاتێکی دیکە و لەوێوە پاسپۆرتە دروستکراوەکانیان بەکاربهێنن "
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە قاچاخچێتییە، دکتۆر موسەنا ئەمین ڕایگەیاند، "حکومەتی هەرێم هیچ جۆرە هەڵوێستێکی نییە و ناگەڕێت بە دوای قاچاخچییەکاندا".
