وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان پێکهێنا

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەپێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕ بەمەبەستی سەردانیکردنی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ لێکۆڵینەوە لەرێکارەکانی پەتازانی و رەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە ڕایگەیاند،  لەپێناو بەدواداچونی ڕەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب الصحايا Meningitis) لەنێو منداڵان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی فراوان بۆ سەردانیکردنی مەیدانی شاری هەڵەبجە و سلێمانی. 

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئامانجی لیژنەکە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی زانستیە لە ڕێکارەکانی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەکان و دەسنیشانکردن و چارەسەریەکان و پێداویستیەکانی ڕەوشی ئەم نەخۆشیە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان.

مانگێک زیاترە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک وەکو نەخۆشییەکی مەترسیدار لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی سەریهەڵداوە، نزیکەی 200 تووشبوو بەو نەخۆشییە لەو دوو پارێزگایە تۆماکراون، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، سەرجەمی نەخۆشەکان منداڵن، نەخۆشییەکە لە هەولێر و دهۆکیش هەیە.

هەوکردنی پەردەی مێشک، بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوروبەری مێشک و دڕکه پەتک، نەخۆشییەکە لەرێگەی خوێن یان دەستلێدانەوە دەگوێزرێتەوە، درەنگ دەستنیشانکردن و چارەسەرنەکردنیشی ئەگەری مردنی تووشبووەکەی لێدەکەوێتەوە.

لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستی لە حەوت کەس پێکهاتوون کە چواریان پزیشکن، لەگەڵ دەرمانسازێک لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی و یاریدەدەرێکی پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لەگەڵ تێبینەرێک.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار