لە چەند شارێکی باکوری کوردستان ١٥٠ کەس دەستگیرکران لە ئۆپراسیۆنێکی هێزە ئەمنیەکانی تورکیادا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان چەندین ۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، پارێزەر و هونەرمەند دەستگیرکران.
بەگوێرەی میدیاکانی باکوری کوردستان، لە ئۆپراسیۆنەکەدا عەبدولرەحمان گۆک سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئەحمەد کانبال پەیامنێری میزۆپۆتامیا، عوسمان ئاکن بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی یەنی یاشام، قادر ئەسەن خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خۆبوون، خالس داکالی هاوسەرۆکی لقی ئامەد لە کۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی و پارێزەر، پارێزەران ئۆزوم ڤورگون، بونیامین شەکەر، بەردان ئاجون، پیرۆزخان کارالی، سەزەن مەرجان ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، لە شانۆی شاری ئامەد یاوز ئاککوزو، ئۆزجان ئاتەش و ئەلڤان کۆچەر یڵدرم و ژمارەیەکی زۆر سیاسەتمەدار دەستگیرکران.
تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە ناڕەزایەتیی دژی ئەم ئۆپراسیۆنە دەربڕی و وتی، "دەسەڵات جارێکی دیکە پێش هەڵبژاردنەکان لە ترسی دۆڕاندنی خۆی دەستی بە ئۆپەراسیۆن و دەستگیرکردن کردەوە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەیان هاوڕێمان، لەنێویاندا ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی، جێگرانی هاوسەرۆک، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و پارێزەران لە ئامەد دەستگیرکران، بەڵام ئێوە لە دۆڕان و ڕووخان ڕزگارتان نابێت".
مەهدی ئۆزدەمیر جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا وتی، بە فەرمانی داواکاری گشتی نزیکەی ١٥٠ کەس دەستگیرکراون. ئۆزدەمیر وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا بەردەوامە.
دەستگیرکردن بەردەوامە، پشکنین و گەڕان لە نوسینگەی زۆرێک لە هاوڕێی پارێزەرەکانمان بەردەوامە. تا ئێستا هۆکاری ئەو هەڵکوتان و دەستگیرکردنانە ئاشکرا نەکراوە. هیچ هۆکارێک و بیانوویەک بە ئێمە نەوتراوە. ئۆپەراسیۆنەکە لە دژی پیشە جیاوازەکانە. هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەران لەخۆدەگرێت. لێکۆڵینەوەیەکی گشتییە" .
هەروەها کۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی لە هەژماری میدیا دیجیتاڵییەکەیاندا ڕایانگەیاند، لە ئامەد، ئێلح و ڕحا ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و هاوڵاتیان دەستگیرکراون.
