دوایین زانیارییەکان لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شەوی رابردو ژمارەیەک تۆمەتبار هەوڵیانداوە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بچنە ناو نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵان لە سلێمانی، لەئەنجامیشدا شەڕ و دەمەقاڵێ دروستبوە و دو کارمەندی پۆلیس کە پاسەوانی نەخۆشخانەکەن برینداربون.

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵان لەبارەی روداوەکەوە رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردو کەسوکاری نەخۆشێک هەوڵیداوە بچێتە ناو نەخۆشخانەکەیانەوە بەمەبەستی سەردانیکردنی منداڵێکی نەخۆش، لەلایەن پۆلیسی پاسەوانی نەخۆشخانەکەش پێیڕاگەیەندراوە، دایک و باوکی منداڵەکە لەناو نەخۆشخانەکەن و رێگەی پێنەدراوە.

وتیشی، دوای چەند سەعاتێک ئەو کەسە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە چەک ھەڵیانکوتایەسەر نەخۆشخانەکە و تەقەیەکی زۆریان کرد بەناو نەخۆشخانەکەدا.

د.پشدەر عەبدوڵا راشیگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکان دوو پۆلیسی نەخۆشخانەکە برینداربوون و یەکێکیان قاچی شکاوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی شار چارەسەر وەردەگرن، سەرجەم تۆمەتبارەکانیش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوی تەقەکردن لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و برینداربوونی دوو کەس لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ ئەوانەی تەقەیان کردووە لەژێر کاریگەریی ماددە کهوولییەکاندا بوون.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، دوو کەسەکە بە تۆمەتی تەقەكردن لە نەخۆشخانەی منداڵان و برینداركردنی كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی نەخۆشخانەكە، دەستگیركراون.

لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران، (ش، خ، أ) لەدایکبووی ١٩٨٥ و (ئ، خ، م) لەدایکبووی ٢٠٠٣ ن  بەپێی ماددەی ٢٣٢ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و لەئێستادا ھەردوو برینداری ڕووداوەکە لەنەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار