ئەنجوومەنی وەزیران باس لە ئەنجامی سەردانەکەی شاندی حکومەت بۆ لای قوباد تاڵەبانی دەکەن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەنجامی چوونی شاندی حکومەتە بۆلای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران.
فەرمانگەی میدیای و زانیاری رایگەیاند،ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرەیەک باسیان لێوە دەکرێت و گەنگەشە دەکرێن؛ تەوەرەی یەکەمیان تایبەتە بە خستنەڕووی بەرەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.
رۆژی 17-04-2023، شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر سەردانی قوباد تاڵەبانییان کرد. شاندەکە پێکهاتبوون لە عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە.
ئەو سەردانەش دوای ئەوە هات کە رۆژی 12-04-2023 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا جگە لە پلانی حکومەت، باسی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی کرا و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، پێشنیازیکرد شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی قوباد تاڵەبانی بکەن بۆ ئەوەی رازی بکەن بگەڕێتەوە و مەسرور بارزانیش پێشنیازەکەی قبووڵکردووە.
لە تەوەرەی دووەمی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەخرێتە ڕوو.
بڕگەی سێیەم و کۆتایی تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی پرۆژەیاسای بەرکارکردن و هەموارکردنی یاسای رێکخستنی کاری دڵنیاییی عێراق.
