قوباد تاڵەبانی لە یۆنانە بۆ بەشداریکردن لەکۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بەسەردانێک گەیشتە یۆنان و بڕیاریەش دوای بەشداریکردن لەکۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتان کۆببێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردۆتەوە، کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوریی دێڵفی لە یۆنان ئەمڕۆ 26ی نیسان، بە بەشداریی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵا، بیرمەندان و سەرمایەدارانی جیهان، دەستیپێکرد و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بۆ دوەمین ساڵە لەسەر یەک بەشدارە لە کۆڕبەندەکەدا.

سەبارەت بە  ئامانجی کۆڕبەندەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە  گفتوگۆکردنە لەبارەی گرفت و پێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانی جیهان و تیایدا پلان و ستراتیژی چارەسەرکردنی قەیرانەکان تاوتوێ دەکرێت. بڕیارە قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندەکەدا باس لە دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بکات و بۆچونی خۆشی لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکان بخاتەڕو.

باسلەوەشکراوە ، لە پەڕاوێزی کۆڕبەندەکەشدا، بڕیارە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتان کۆببێتەوە، لەم سەردانەیدا بۆ یۆنان دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، یاوەری جێگری سەرۆک وەزیران دەکات.

هاوکات قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەم بارەیەوە بڵاویکردەوە، "لە یۆنانم بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی. لەوێ باسی دواپێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەکەین و دیدی خۆمان بۆ چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان دەخەینەڕوو."

دەشڵێت "ئێمە لە کوردستان و عێراقیش کۆمەڵێک کێشەی بنەڕەتی و چارەسەرنەکراومان هەیە، کێشەکان چارەسەر ناکرێت بەبێ سەلماندنی نیازپاکی و هەنگاونانی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. شەڕی میدیایی و بەلاڕێدابردنی کێشەکان ئەزمونێکی شکستخواردووە و کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار