ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێ "زۆر نیگەرانە لەوەی بەغدا هێشتا رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نادات"... داواش دەکات کێشەکە چارەسەر بکرێت.
مایکڵ مەککۆڵ سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە، لە پێگەی رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، نیگەرانە لەوەی ھێشتا بەغداد رێگە بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نادات، داواشی کرد ئیدارەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا فشار لەسەر حکومەتی عێراق دروست بکات چونکە دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی ٢٥ی ئادار راگیرا، ئەوەش دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس کە دۆسێیەکی لە بەرژەوەندی عێراق یەکلایی کردەوە، دوای چەند رۆژێک لە راگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، رۆژی ٥ی ئەم مانگە ھەرێم و بەغداد رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی سۆمۆوە بەڵام دوای زیاتر لە مانگێک ھێشتا ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستیپێنەکردووەتەوە.
هاوکات لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، کە هەریەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و سۆمۆ دەیانەوێت هەناردەکردنی نەوتی هەریم لە سەرەتای مانگی پێنج دەستپێبکاتەوە و تورکیا دەیەوێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ لە تورکیا بەڕێوەبچێت، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوابخات.
ئەو ئاژانسە دەشڵێت ،تورکیا دەیەوێت پێش ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەموو ئەو کەیسانەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستانن، کە تائێستا لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی یەکلایی نەبوونەتەوە، یەکلایی بکاتەوە بەتایبەت هەوڵدەدات گفتوگۆی تایبەت لەگەڵ بەغدا بکات سەبارەت بەو 1.5 ملیار دۆلارەی کە فەرمانی پێکراوە بیدات بە عێراق لە دۆسییەی دادگاییکردنەکەدا.
