دەست بەسەر چەکی ٥ جاشدا گیرا کە لایکیان بۆ وێنەی دەمیرتاش کردبوو

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە ناوچەی قلەبانی شڕنەخی باکوری کوردستان، دەست بەسەر چەکی ٥ جاشدا گیرا کە لایکیان بۆ وێنەی دەمیرتاش کردبوو.

ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لە گوندەکانی بێژوهـ، مەرگەهـ و ئەلەمونی سەر بە ناوچەی قلەبانی پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان، دەست بەسەر چەکی پێنج جاشدا گیراوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، لایکیان بۆ وێنەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان (هەدەپە) کردووە.

بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، فەرماندەیی سوپای تورکیا لە قلەبان، پێنج جاشەکەی بانگهێشت کردووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردووە و دواتر دەستبەسەر کراون. ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە زاری دانیشتووانی سێ گوندەکە رایگەیاندووە، فەرماندەی قەرەقولەکە هەڕەشەی لە ٥ جاشەکە کردووە و پێیانی وتووە، نابێت لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە جەهەپە و هەدەپە بدەن و فشارێکی زۆر لەسەر گوندنشینانی ناوچەکە دەستی پێکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد و تاوەکو ٩ی ئایار بەردەوام دەبێت. ١٤ی ئایاریش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت و بانگەشەیەکی توند لەنیو تورکیادا بۆ هەڵبژاردنەکان دەستی پێکردووە. پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، لە ٦٤ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان دەستی بە کۆبونەوەی جەماوەری کردووە و کادرەکانی گوند بە گوند و شار بە شار دەگەڕێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار