زۆرترین ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە رۆژهەڵات بوە
ناوەندێکی رۆژهەڵات و رۆژنامەیەکی ئەمریکی زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکەن
خوێندنگەیەکی کچان لە شاری سنە
3 ساڵ لەمەوپێش
رۆژنامەیەکی ئەمریکی زانیاریی نوێ لە ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە ئێران بڵاو دەکاتەوە و ناوەندێک ئاشکرای دەکات زۆرترین ژەهراویبون لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە؛ ژەهراویبون لە 90 خوێندنگە لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان و ورمێ رویداوە کە تەنها چوار خوێندنگەیان تایبەت بە کوڕان بون.
هەنگاو ئاماژەی بەوە کردوە؛ 160 خوێندنگە لە ئێران و رۆژهەڵات روبەڕوی هێرشی کیمیایی بونەتەوە کە 56%ی ئەو خوێندگانە لەو سێ پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بون.
لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی لە زاری چەند پزیشکێک لە ئێران ئاشکرای کردوە؛ هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی داوایان لە پزیشکان و بەرێوبەرانی خوێندگەکان کردوە کە لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیا بڵێن: هۆکاری رەوانەکردنی کچانی خوێندکار بۆ نەخۆشخانەکان دڵەڕاوکێ و ترس بوە نەوەک هێرشی کیمیایی یان ژەهراویبون بە ماددە کیمیاییەکان.
واشنتۆن پۆست پەیوەندیی گرتوە بە ژمارەیەک مامۆستا و خوێندکار لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و دەرکەوتوە دوای ژەهراویبونی خوێندکاران تۆماری کامێراکانی چاودێریی ئەو خوێندنگەیانەی ژەهراویبون تێیدا رویداوە دەستی بەسەردا گیراوە.
هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ تیمێکی پسپۆڕ و شارەزای بۆ هاوکاریی تەندروستیی ئێران ئامادە کردوە و ئەگەر پێویست بکات ئەو تیمە لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ ژەهراویبونی کچانی خوێندکار دەکات.
