وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی: کرێکارانیش دەبێت مافى خانەنشینییان هەبێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادەکراوە بۆ ئەوەی کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەمو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت.
کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران ڕایگەیاند، بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان کردوە بە شێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت.
دەشڵێت "وەزارەتەکەمان ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کردوە ، تاکو کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەموو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. بۆ گەییشتن بەم ئامانجەش وەزارەت هەڵساوە بە زیادکردنى ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆیەکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەموو کرێکارانى کەرتى تایبەت."
دەقی پەیامەکەی وەزیری کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى:
بە بوونەى یەکى ئایارەوە؛ رۆژى جیهانیى کرێکاران
یەکى ئایار ڕۆژى بەرجەستەکردنى یەکگرتن و هاوکارى و هەماهەنگى هەموو بزاڤەکانى دەستى کارە لەسەرانسەرى جیهاندا بۆ بەدەستهێنانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و گەشەسەندنى کۆمەڵگا و پاراستنى مافە رەواکانى کرێکاران لە دابینکردنى کارى شایستە و ژینگەیەکى گونجاو بۆ کارکردن و دەستنیشانکردنى کاتژمێرەکانى کارکردن و دەستەبەرکردنى کرێکاران بۆ پاراستنى ماف و دوارۆژى خێزانەکانیان. وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە رۆژى جیهانیى کرێکاراندا بە درووشمى "چەند زیاتر کار بکەیت زیاتر دەژى..." گەرمترین پیرۆزبایى ئاراستەى کرێکارانى جیهان بەگشتى و کرێکارانى کوردستان بەتایبەتى دەکات.
کرێکارانى کوردستان بە هەموو سەندیکا و کۆمەڵە و بزووتنەوەکانیان رۆڵێکى بەرچاویان هەبووە لە بزاڤى رزگاریخوازى کوردستاندا و شان بەشانى بەرهەمهێنان بەشدارییان لە شۆڕشى ئازادیخوازى کوردستانیان کردووە و بەردەوامن لەگێڕانى ئەم رۆڵە پیرۆزە. بۆیە وەزارەتمان کە هاوبەشى سەرەکى کرێکارانە لەم خەباتە بێووچانەدا داکۆکى لەسەر پاراستنى مافە رەواکانى کرێکاران دەکات لە هەموو بوارەکانى پەیوەست بە پرۆسەى کارکردن و بەرهەمهێناندا. بۆ ئەم مەبەستەش بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت. دەستنیشانکردنى پشکنەرى تایبەت لەهەموو بەرێوەبەراتیەکانى کاردا بۆ بەدواداچوونى جێبەجێکردنى برگەکانى یاساى کار و دڵنیا بوون لە پارێزراوى مافى کرێکاران باشترین نموونەى داکۆکیکردنى وەزارەتمانە لەسەر هەماهەنگى و پاڵپشتیکردنى خەباتى کرێکاران. سوپاس بۆ پەرلەمانى کوردستان کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هاوئاهەنگ بووە تا پرۆژە یاساى کارى هەرێمى کوردستان پەسەندکرا و بەم نزیکانە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لە هەمان کاتیشدا وەزارەتمان ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کرد ، تاکو کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەموو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. بۆ گەییشتن بەم ئامانجەش وەزارەت هەڵساوە بە زیادکردنى ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆیەکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەموو کرێکارانى کەرتى تایبەت.
وەزارەت بڕوایەکى پتەوی هەیە بە دەستى کارى ناوخۆ هەیە و هەموو کاتێک کار بۆ دابینکردنى دەرفەتى کارى شایەستە دەکات، بڕیارى ١٧٢ى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دەستنیشانکردنى رێژەى کرێکارى بیانى لەهەموو پرۆژەکاندا یەکێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەت بۆ گرنگیدان بە دەستى کارى ناوخۆیى و رێکخستنى هێنانى دەستى کارى بیانى، هەروەها ئامادەکرنى رێنماییەکانى رێکخستنى کرێکارى بیانى، سەلامەتى و تەندروستى پیشەیى، راهێنانى پیشەیى و کارکردن لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى پیشەوەران و دانانى رەشنووسى یاساى خزمەتگوزارییە پیشەسازییەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ زۆربەى وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێم بۆ هەموارکردنەوە و نووسینى سیاسەتى نیشتمانى بەکارخستن و پەرەپێدانى بازارى کارى کەرتى تایبەت هەنگاوى دەستپێشخەرن بۆ دانانى سیاسەتێکى سەردەمیانە بۆ پرۆسەى کارکردن و بۆژاندنەوەى کەرتى تایبەت.
ئەم قۆناغەى هەرێمی کوردستان پێیدا تێیدەپەرێت پێویستى بە هاوکارى و هەماهەنگى هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ دەربازبوون لە کوسپ و بەربەستەکان و جێگیرکردنى سەقامگیرى و ئارامى بۆ پەرەپێدانى پرۆسەى وەبەرهێنان و خێراکردنى پرۆسەی بەرهەمهێنان. بۆیە وەزارەت گرنگییەکى زۆر بە دانوستاندنى کۆمەڵایەتى و تیمکارى نێوان هەموو هاوبەشە پەیوەندیدارەکان دەدات و جەخت لەسەر دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ کرێکارە دەستەبەرکراوەکان و خانەوادەکانیان دەکات.
لەم رۆژە پیرۆزەدا داوا لەهەموو سەندیکا و کۆمەڵەکانى کرێکاران دەکەین بە گیانێکى پڕاوپڕ لەجۆش و خروشەوە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەت بکەن بۆ گەییشتن بەئامانجە ستراتیژەکانى حکومەت.
کرێکارە بەرێزەکان... ئەم رۆژەتان لێ پیرۆز بێت، جەژنتان لەسەر دیوارەکانى وەڵات نووسراوە، رۆژێکى بەختەوەرتان بۆ دەخوازین ئەى دروستکەرانى سەرکەوتن و بونیاتنەرانی هەرێمەکەمان ، سەرکەوتووبێت خەباتى کرێکاران و بەردەوامبێت گیانى تەبایى و یەکگرتن و پێکەوە کارکردن
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەلایەتی
