بایک: دەسەڵاتی تورکیا هەوڵی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا دەدات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جەمیل بایک رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی چەپی سەوز و لایەنە دیموکراتەکان کردووە و دەیەوێت بەم رێگەیەوە رێگە بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بکاتەوە.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمار جڤاکێن کوردستان (کە*جە*کە) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی، هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کرد کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەرێوە بچێت.

بایک رایگەیاند، ئاکەپە و مەهەپە، خاوەنی عەقڵیەتێکی قڕکەرە. لەبەرئەوە جگە لە خۆی هەموو کەسێک بە دوژمن دەبینێت. ئەمەش ناشارێتەوە. هەموو کەسێک ئەمە دەزانێت. کردەوەکانی ئاکەپە و مەهەپە لە مێژوودا هاوشێوەی کردەوەکانی هیتلەرە. هیتلەر لەسەر دوژمنایەتیکردنی سۆسیالیست و یەهۆدیەکان هاتە سەر دەسەڵات. هیتلەر بەم کردەوانەی جیهانی هەژاند. بەڵام لە کۆتاییدا بە تەنیا مایەوە و ناچار بوو کە خۆی بکوژێت. ئەگەر سەرنج بدەن، ئاکەپە و مەهەپەش، دەسەڵات هاوشێوەی هیتلەر بەڕێوە دەبات و وتی، "دوژمنایەتی کورد، عەلەوی، سۆسیالیستەکان دەکات و کۆمەڵگا ژەهراوی دەکات. نەتەوەپەرستی، شۆڤێنیزم زەق دەکاتەوە. بەم شێوەیە دەیەوێت بەردەوامی بە هەبوونی خۆی بدات. تا ئەو رادەیەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پشت بەوە دەبەستێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگای تورکیا بۆ ئامانجەکانی بەکار دەهێنێت. بەم شێوەیە لە لیبیاوە بگرە تاوەکو ئازەربایجان، لە سوریاوە تاوەکو عێراق، دەستوەردان لە وڵاتاندا دەکات. وادەزانێت بەم شێوەیە ئەنجام بەدەست دەهێنێت. بەڵام لەم دۆخەدا گەیشتووەتە بنبەست، رووبەرووی شکست بووەتەوە."

جەمیک بایک باسی ئەوەی کرد، "ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە. ئەم هەڵبژاردنە داهاتووی کورد، عەلەوی، ژنان، رەنجدەران، گەنجان و هەموو گەلان دیاری دەکات. یان فاشیزم لە تورکیا خۆی دامەزراوەیی دەکات، یان هەنگاو بەرەو کۆماری دیموکراتی دەنرێت. هەڵبژاردنێکی بەم شێوەیەیە. سۆسیالیستەکان، هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی، کورد، عەلەوی، ژنان، کرێکاران و گەلان، کە هەوڵی گەورەیان بۆ گەشەپێدانی کۆمار بە ئاراستەی دیموکراتیزەکردن داوە، شەهیدی گەورەیان بەخشی و ئازاری زۆریان چەشت، پێویستە پێکەوە تاجی ئەم خەباتە بخەنە سەر. ئەمەیان لێ داوا دەکرێت. جگە لەوە نابێت هیچ شتێکی دیکە قبوڵ بکرێت، پێویستە هیچ شتێکی دیکە جگە لەمە بە شایەنی خۆیان نەزانن. بۆیە نابێت بە کەم و شتی بچوک و سادە رازی ببن."

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە ئەوەی خستەڕوو، دەسەڵات دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردن کردوو و دەیەوێت ساختەکاری بکات لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لە سندوقەکانی دەنگدان بکات و دەنگ بە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی و پارتی چەپی سەوز بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار