حکومەتی تورکیا لە ٩ گوندی نسێبین قەدەغەی راگەیاند

2 ساڵ لەمەوپێش
حکومەتی تورکیا لە ٩ گوندی مێردینی باکوری کوردستان بە بیانوی ئۆپراسیۆنی سەربازی قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند.
بەگوێرەی میدیاکانی باکوری کوردستان، حکومەتی تورکیا لە ٩ گوندی سەر بە ناوچەی نسێبینی پارێزگای مێردینی باکوری کوردستان، بە بیانۆی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەبەرامبەر گەریلاکانی پەکەکە قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە.
ناوی گوندەکان بەم شێوەیەیە: مشوال، فسکان، بەرهۆک، ئارپال، باهمینین، ئەفشێ، شەکین، یۆل و گەلیێسۆرا و کاتی کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنەکە رانەگەیەندراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا ١٢ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە و بانگەشەی هەڵبژاردنیش گەرمە و پارتە سیاسیەکان و بە تایبەتی پارتی چەپی سەوز گوند بە گوند، ناوچە بە ناوچە و شار بە شار دەستی بە کۆبونەوەی جەماوەری کردووە.
ئەم هەنگاوەی حکومەتیش رێگە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز دەگرێت کە خۆی بگەیەنێتە گوندنشیان، یاخود گوندنشینان بەشداری لە کۆبونەوە جەماوەرییەکاندا بکەن.
