نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بەهۆی نەبونی کارمەندەوە دەناڵێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵان لە سلێمانی رایگه‌یاند، نەخۆشخانەكه‌ی پڕبوه‌ له‌ نه‌خۆش، دو هەفتەیە کارمەندان و پەرستاران هاوار دەکەن دەڵێن "لە تواناماندا نەماوە"، به‌ڵام گوێیان لێناگیرێت.

د. پشده‌ر عه‌بدوڵا ئه‌مشه‌و له‌ په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "بەداخەوە نەخۆشخانە پڕ بوە لە  نەخۆش، دو هەفتەیە کارمەندان و پەرستاران هاوار دەکەن دەڵێن لە تواناماندا نەماوە، دو قاوشم هەیە لەبەر بێکارمەندی ناتوانین بیان کەینەوە، کە توانای وەرگرتنی بەلایەنی کەمەوە 60 نەخۆشی تریان هەیە، بە سێ کارمەند دەبێت چارەسەری سەروی 50 نەخۆش بکەن".

لە پەیامەکەیدا دەشڵێت "چوار ساڵە هاوار دەکەم دەڵێم تکایە کارمەندو پەرستارم بۆ دابمەزرێنن"

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی فێركاریی دكتۆر جه‌مال نووسیویشیه‌تی‌: "تكایه‌ تكایه‌ تكایه‌ كارمه‌ند و په‌رستارمان بۆ دابمه‌زرێنن. لێرە بەدوا بۆ هیچ ڕاگەیاندنێک قسە ناکەم".

مانگێک زیاترە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک وەکو نەخۆشییەکی مەترسیدار لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی سەریهەڵداوە، نزیکەی 200 تووشبوو بەو نەخۆشییە لەو دوو پارێزگایە تۆماکراون، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، سەرجەمی نەخۆشەکان منداڵن، نەخۆشییەکە لە هەولێر و دهۆکیش هەیە، بەڵام ژمارەی تووشبووان بەپێی بەرپرسێکی تەندروستیی هەولێر زۆر کەمترە.

هەروەها  وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بەدواداچوونی بۆ رەوشی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان پێکهێناوە لیژنەکە سەردانی هەڵەبجە و سلێمانی دەکەن و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زانستی لەبارەی نەخۆشییەکەوە دەکەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار