بایک: کێشەی کورد بە هەڵبژاردنێک یان مامەڵەیەک لەگەڵ حکومەتی نوێ چارەسەر نابێت
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جەمیل بایک رایگەیاند، دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردەکان مێشکێکی دواکەوتوو و واقیعێکی کۆمەڵایەتیی دروستکردووە، هەروەها بونیاتنان و ڕێکخستنی دەوڵەتیش لەسەر ئەم بنەمایە دروستبووە. ئەمانە ئەو بابەتانە نین، کە تەنها بە هەڵبژاردنێک و مامەڵەیەک لەگەڵ حکومەتی نوێدا چارەسەر بکرێن.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی حزبەکەی ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن و کێشەی کورد لە تورکیا کرد.
بایک رایگەیاند، هەڵەیە مرۆڤ بەم هەڵبژاردنە چاوەڕێ بکات کە تورکیا دەبێتە وڵاتێکی دیموکراسی و کێشەی کورد چارەسەر دەکرێت. دیموکراتبوونی تورکیا بە تێکۆشان بەدی دێت. چونکە دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردەکان مێشکێکی دواکەوتوو و واقیعێکی کۆمەڵایەتیی دروستکردووە، هەروەها بونیاتنان و ڕێکخستنی دەوڵەتیش لەسەر ئەم بنەمایە دروستبووە. ئەمانە ئەو بابەتانە نین، کە تەنها بە هەڵبژاردنێک و مامەڵەیەک لەگەڵ حکومەتی نوێدا چارەسەر بکرێن.
هاوسەرۆکی کەجەکە دەشڵێت،" کاتێک بابەت دێتە سەر پرسی کورد، هەڵەیە مرۆڤ بڵێت، بە مامەڵەیەک ئەنجام بەدەست دەهێنرێت و بەپێی ئەو وتەیە، سیاسەت دیاری بکرێت. چاوەڕوانییەکی لەمشێوەیە بە مانای ئەوەیە، کە لە واقیعی دەوڵەتی تورکیا و سیستەمەکەی تێنەگەیشتوون."
جەمیل بایک باسی ئەوەش دەکات کە بە هەڵبژاردن فاشیزم لە سەنگەرێکدا تێکدەشکێت، بەڵام شکستدانی تەواوەتیی بە تێکۆشان بەدی دێت. ئەگەر هاوکاریی خەبات و تێکۆشانی هێزە دیموکراتیک و ئازادییەکانی گەلی کورد و گەلانی تورکیا پێکبهێرێت و زیاتر بەهێز بکرێت، ئەوکاتە خەبات و تێکۆشانی دیموکراسیش گەشە دەکات. بە کورتی تەنها لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانەوە دیموکراسی لە تورکیا بەدی دێت. ئازادیی گەلی کوردیش بە بەشدارییەکی بەهێز و کاریگەر لەم تێکۆشانەدا بەدی دێت.
بایک ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر هێڵی هەدەپە خەباتێکی کاریگەر ئەنجام بدرێت. هەدەپە تەنیا پارتێکی کوردان، یان پارتێکی عەلەوییەکان و یان پارتێکی بەشێکی دیاری کۆمەڵگە نییە، بەڵکو هەدەپە پارتی هەموو ئەو کەسانەیە، کە دیموکراسییەکی ڕادیکاڵیان بۆ تورکیا دەوێت. لەم چوارچێوەیەدا، حیزبی کوردان، عەلەوییەکان، ژنان، ژینگەپارێزان، زەحمەتکێشان، گەنجان، کۆمەڵگەکانی گەل و باوەڕە جیاوازەکانە. ئەو هەڵوێستەی، کە هەدەپە وەک حیزبی یەک ناسنامە نیشان بدات، دەبێتە گەورەترین خراپە، کە بەرامبەر بە هێڵی هەدەپە ئەنجام دەدرێت. بۆیە دەبێت ئەوانەی لەسەر هێڵی هەدەپە تێدەکۆشن هەڵوێستیان لە دژی ئەوانە هەبێت، کە هەوڵ دەدەن هەدەپە وەک پارتی یەک ناسنامە نیشان بدەن.
