سودانی: مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرین
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "نەوت بنێردرێت یاخود نا، موچەکانتان دەدەین."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیداری عێراق بەشداری لە پانێڵێکدا کرد و ڕایگەیاند، نەوت هەناردە بکرێت یان نا، ئەوان وەکو حکومەت بەرپرسن لە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دابینی دەکەن ، هیواشی خواست هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی تورکیاوە بە سەرپەرشتی سۆمۆ بە زویی دەستپێبکاتەوە.
لەبارەی کارەکانی حکومەتەکەشی، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد، تا ئێستا 31%ی بەرنامەی کابینەکەی جێبەجێکراوە و تیمەکەشی شەو و رۆژ بە دڵسۆزییەوە کاردەکەن و جەخت لەسەر بە دەستهێنانی ئامانجی کارنامەی حکومەتەکەی دەکەنەوە.
وتیشی، "لە شەش مانگدا سەلماندمان کە ئەم کابینەیە سەرکەوتووە" و دەڵێت، لەسەر ئەو شێوازەی چارەسەرکردنی کێشەکان کە کاریان لەسەر کردووە، بەردەوام دەبن.
ئەوەشی ڕونکردەوە کە "گەندەڵی یەکێکە لە مەترسییە گەورەکانی سەر عێراق و حکومەتەکەم روبەڕوی چەندین ئاڵنگاری گەورە لە ناوە و دەرەوە بوەتەوە."
سودانی ئاماژەی بەوەکرد، "ساڵانە چوار ملیار دۆلار لە هاوردەکردنی غازی سروشتی خەرج دەکەین، بۆیە بڕیاردراوە پەرە بە کێڵگەکانی خۆمان بدەین و لە سێ ساڵی داهاتودا چیتر غاز هاوردە ناکەین لە دەرەوە."
باسی لەوە کرد کە "مانگانە راپۆرتێک لەسەر ئەنجامەکانی کاری حکومەت دەدەمە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت" کەو هاوپەیمانێتییەکە لەو لایەنانە پێکهاتوون کە پێکهێنەری ئەم حکومەتەی ئێستای عێراقن.
