سبەینێ پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سبەینێ پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوە دەچێت و سێ ناوەندی دەنگدان بۆ دەنگدەران کراونەتەوە.
سبەینێ ٥ی ئایار لە هەولێر، بەغدا و بەسرە هاوڵاتیانی تورکیا دەتوانن لە کونسوڵخانەکان دەنگ بدەن و بەگوێرەی زانیاریەکان نزیکەی پێنج پێنج هەزار و ٨٠٠کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراق مافی دەنگدانیان هەیە.
رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٣، پرۆسەی دەنگدان لە دەروازە سنوریەکان و نوێنەرایەتییەکانی تورکیا دەرەوەی تورکیادا دەست پێ کردووە و کاتژمێر ١٧:٠٠ی رۆژی یەکشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ دەنگدان لە دەروازە سنوریەکان کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کە تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و ١٨ هەزار و ٧٤٣ کەس دەنگیانداوە و تاوەکو 9ی ئەم مانگەش لە هەندێک وڵات دەنگدانی دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هاوڵاتی لە دەرەوەی سنورەکانی تورکیا، مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنیان هەیە. لە دەرەوەی تورکیادا لە ٧٥ وڵات و ١٥٦ نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە، سندوقی دەنگدان دادەنرێت.
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، ٢٤ پارت و ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداریان کردووە. بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەرەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرکۆمار کێبڕکێی دەکەن.
تێکڕا ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ دەنگدەر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەنگ دەدەن. لەناوخۆی وڵاتدا، چوار ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٦٧٢ دەنگدەر بۆ یەکەمجار بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن. ژمارەی دەنگدەران کە لە گرتووخانەکاندا یان بەهۆی تاوانەوە دەستبەسەرن ٥٣ هەزار و ١٧٢ کەسن.
