١٣ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا تێپەڕی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ 13 ساڵ بەسەر شه‌هیدکردنى رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسماندا تێده‌په‌ڕێت، کە لەدوای رفاندنى لە بەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، شەهیدکرا، تائێستاش کەسوکارەکەی داوای ئاشکراکردنی بکوژانی دەکەن.

سەردەشت عوسمان (25ـی کانوونی یەکەمی 1987 – 4ـی ئایاری 2010) ڕۆژنامەوان و قوتابی بەشی زمانی ئینگلیزیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین بوو لە کاتژمێر 8ـی بەیانیی 4ـی ئایاری 2010 لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو ڕفێندرا.

دوای دوو ڕۆژ لە دیارنەمانی، لە 6ـی ئایاری 2010، تەرمەکەی بە قۆڵبەستراوی لە دەوروبەری مووسڵ دۆزرایەوە

سەردەشت عوسمان ناسرابوو بە بابەتە ڕەخنەگرەکانی بەرامبەر دەسەڵات و حکوومەت، بە تایبەتی بەرامبەر سیاسەتەکانی پەدەکە، بەپێی چەند وتار و نووسراوێک ھۆکاری تیرۆرکردنی سەردەشت بەھۆی نووسینی وتاری «من عاشقی کچەکەی بارزانیم» دەگەڕێننەوە.

هەریەکە لە رێکخراوەکانی رۆژنامەوانیی ئازادیی بێسنور (FPU)، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور (RSF) و کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ)  لە ئەمستەردامی پایتەختی هۆڵەندا توێژینەوەیەکیان بەناونیشانی  "تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان: پەردەهەڵدانەوە لەسەر بێبنەمایی گوتاری فەرمی"، بڵاوکردەوە، دەڵێن، "ڕۆژنامەنوسانی وەک سەردەشت، کە لەو شوێنانەدا کار دەکەن کە تیایدا ئازادی ڕۆژنامەگەری سنوردارە، زۆرجار ناچارن بکەونە سانسۆرکردنی خۆیان بۆ ئەوەی چەند هێڵێکی سور نەبەزێنن، چونکە ئەو ڕۆژنامەنوس و میدیایانەی کە ئەم هێڵانە دەبەزێنن زۆر جار لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە توندی بە ئامانج دەگیرێن".

لە ڕاپۆرتەکەیاندا هاتووە "سەرجەم بکوژانی ڕۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق تاوانەکانیان ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی سزا بدرێن، کەیسی سەردەشت نیشانە و بەڵگەیەکە کە تیشک دەخاتە سەر چارەنوسی زۆرێک لەڕۆژنامەنوسانی گەنج و ڕەخنەگر لە ناوچەکەدا."

لەم بارەیەوە، جوڵز سوینکڵز، توێژەری سەرەکی ئەو لێکۆڵینەوەیە لە رێکخراوی رۆژنامەوانیی ئازادیی بێسنور (FPU) دەڵێت، "کەیسی سەردەشت هێمایەکە بۆ ئەو شتانەی رەنگە روبدەن کاتێک رۆژنامەنوسان سنورەکانی ئەو ئازادیی دەربڕینە ببەزێنن کە بۆیان دەستنیشانکراوە.

لە توێژینەوەکەی ئەو سێ رێکخراوەدا باس لەوەشکراوە، "دەسەڵاتدارانی کورد لە هەرێمی کوردستان پێدەچێت راستەوخۆ دەستیان لە رفاندن و کوشتنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسماندا هەبوبێت".

ئەوەش هاتوە، "دژبەیەکیی لە چیرۆکە فەرمییەکە لەم ڕوانەوە بەدیدەکرێت، رفاندنی سەردەشت، گواستنەوەی سەردەشت (یان تەرمەکەی) لەهەولێرەوە بۆ موسڵ، راپۆرتی فەرمی توێکاری تەرمەکە، ئەو قسانەی کە گوایە ئەنجامدەرانی تاوانەکە سەر بە گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام بون، هەروەها ئەو هۆکار و پاڵنەرانەی خراونەتەڕو سەبارەت بە تیرۆرکردنەکە".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار