ستران عەبدوڵا: بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی کردووە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی کردووە لە سەڵاحەدین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و بڕیارە مەسعود بارزانی وەک نێوەندگیرێک کار بکات بۆ باشتر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە.
ستران عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە وڵامی پرسیاری ئەگەر سەرۆكی پارتی دەستپێشخەری بکات بۆ چارەسەی كێشەكان یەكێتی ئامادەیە هەنگاو بنێت وتی، " كاك بافڵ چەند جارێك خۆی چووە سەڵاحەدین ویستی پەیوەندییەكی باش رێكبخات بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین، قەت یەكێتی دەرگای هیچ گفتوگۆیەكی دانەخستووە لەكاك مەسعود."
وتیشی ، ئەگەر پێویست بێت یەكێتی و پارتی خۆیان دەتوانن راستەوخۆ قسە بكەن، بێگومان هەر كەسێك دەستپێشخەری بكات یەكێتی رەتیناكاتەوە.
باسی لەوەشکرد یەکێتی ئەم ناکۆکیانە بە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی سەیر ناکات بەڵکو ئەمانە "كێشەی خەڵكی كوردستانە لەگەڵ حوكمڕانیدا "
هاوکات بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بڕیارە بەمزووانە تیمی حكومەتی هەرێم سەردانی قوباد تاڵەبانی لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی لەهەولێر بكەنەوە.
ئەو وەفدە وەڵامی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەگەیەننەوە بە قوباد تاڵەبانی دوای سەردانی تیمی حكومەتی هەرێم بۆ لای قوباد تاڵەبانی و لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەكانی ئەگەر كێشەكان چارەسەر كران و تیمی یەكێتی گەڕانەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی هیچ هەنگاوێك نانێت لەسەر ئەو پرسە.
ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكران، پێشنیار كراوە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێشخەرییەك بكات لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی پارتی و یەكێتیدا.
