وەزیری نەوت و لیژنەی دارای لەبارەی دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێم کۆبونەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لیژنەی دارایی میوانداری وەزیری نەوتی حکومەتی فیدڕاڵ و شاندێکی باڵای وەزارەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی خەرجی و پرۆژەکانی وەزارەتی ناوبراو لە پرۆژە یاسای بودجەدا.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا بابەتەکانی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، و نرخی خەمڵێنراوی ٧٠دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوتی ھەناردە لە بودجە گفتووگۆیان لەبارەوە کراوە.
وتیشی، چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە کەرتی نەوت و گاز تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بوون لەگەڵ وەزیر و شاندی یاوەری.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند، ھیچ ھۆکارێکی سیاسی ئاستەنگ نیە لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی ھەرێم و بەغداد ھەرکاتێک لایەنی تورکی ئاگاداریان بکاتەوە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا دەستپێدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، ھەرێم و بەغداد باشترین پەیوەندییان ھەیە و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش بە چاوپۆشین لە نەوت و ھەناردەکردنی ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە.
سودانی هیواشی خواست هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی تورکیاوە بە سەرپەرشتی سۆمۆ بە زویی دەستپێبکاتەوە.
هاوکات، نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم دۆخەی هاتووەتە ئاراوە لەسەر داخوازی و سكاڵای دەوڵەتی عێراقی بووە واتە راگرتنی نەوتی هەرێم لەسەر ئەنجامی ئەو سكاڵایە بووە كەدەوڵەتی عێراق جوڵاندوویەتی ئەو بڕیارە دەرچووە، لەبەر ئەوە هەرێم مافی خۆیەتی داوای قەرەبوو بكاتەوە بۆ ئەو بڕە پارەیەی لەفرۆشتنی نەوت دەستیكەوتووە لەپێشتردا».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد دواجار مووچەی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانە ناكرێت چاوەڕێ بن تا ئەوكاتەو مووچە نەدرێت تا نەوت هەناردە دەكرێتەوە.
لە 25ـی ئاداری رابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە راگیراوە ئەمەش بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەپاریس، دادگاكە لەسەر سكاڵای عێراق لەدژی توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراقداو لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەكردنی نەوتی كوردستان راگیراوە.
