بلۆمبێرگ: کورد دەبێتە هێزی یەکلاکەرەوە لە پەرلەمانی تورکیادا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاژانسی بلۆمبێرگ رایگەیاند، پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، کورسیەکانی زیاد دەکات و دەبێتە هێزی یەکلاکەرەوە لە پەرلەمانی تورکیادا.

ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمریکی، راپۆرتێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڵاوکردەوە کە بڕیارە ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت. بلۆمبێرگ لە راپۆرتەکەدا نووسیویەتی، " سیاسەتمەدارە کوردەکان کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بە 'تیرۆریست' ناوزەدکراون، لە ئێستاوە بوونەتە هێزێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەردۆغان و رەنگە ببنە هێزێک لە پەرلەماندا کە کاریگەریان لەسەر دەسەڵاتی بڕیاردان هەبێت و پەرلەمانێک پێک بهێنن کە هیچ کام لە لایەنەکان نەتوانن بە تەنیا بڕیار بدەن."

بلومبێرگ ئاماژە بەوەی کە پشتیوانیی پارتی چەپی سەوز لە کەمال کلچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن گرنگییەکی یەکلاییکەرەوەی هەیە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ فشاری زۆری خستۆتە سەر هەدەپە و دوای هەڵبژاردنی ١٤ ئایار، رەنگە سیاسەتمەدارانی کورد لە دوای ساڵانێک ببنە خاوەنی سەنگێکی بەرچاو لە پەرلەماندا.

بلومبێرگ نووسیویەتی پارتی چەپی سەوز کە بەهۆی مەترسی داخستنی، هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا کردووە، پێشبینی دەکرێت ببێتە سێیەم گەورەترین پارت لە پەرلەمان و ژمارەی کورسییەکانیشی زیاد بکات. ئۆپۆزسیۆن تەنها بە پشتیوانی چەپی سەوز کە لایەنگرانی کوردن و هاوپەیمانی چەپەکانە، دەبێتە هێزی یەکلاکەرەوە لە پەرلەماندا.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردندەکاندا کردووە، لەگەڵ پێنج پارتی چەپی تورکیا هاوپەیمانی رەنج و ئازاد پێکهێناوە و بەگوێرەی زۆرینەی راپرسیەکان دەتوانێت زیاتر لە ١١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.

بەرپرسانی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی رایانگەیاندووە کە ئامانجیانە ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن کە لەو حاڵەتەدا، کورد و چەپەکان رۆڵێکی یەکلاییکەرەوە لە بڕیارەکانی تورکیادا دەگێڕن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار