ستران عەبدوڵا: چارەسەری کێشەکانی یەکێتی و پارتی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 2018 ی نێوانیانە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێکیدا  لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی  ڕایگەیاند، چارەسەری کێشەکانی یەکێتی و پارتی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 2018 ی نێوانیانە.

تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەمانگی تشرینی دووەمەوە بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناكەن.

ئەندامێکی مەکتەب سیاسی یەکێتی دەڵێتچارەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە لەنێوان یەكێتی و پارتی لەساڵی 2018 كراوە، دوو خاڵی جەوهەری تێدایە زۆر گرنگە، دوو رێككەوتن لەخۆدەگرێت یەكێكیان لەسەر بەشداریكردنی یەكێتییە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و یەك شتی تیانیە سەروو ئیستحقاقی یەكێتی بێت بەشی دووەمی رێككەوتنەكەش پەیوەندی بەئیدارەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداوە هەیە."

هاوکات سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كەدوای هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ رازیكردنی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی بێهیوا بووەو ئەو پرسە لەئێستادا دراوەتە دەست مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چارەسەری بكات كەئەو تیمەی حكومەت وەك نێوەندگیر كاری لەسەر دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داواكارییەكانی تیمی یەكێتی بێجگە دۆسیەی هاوكار جاف لای مەسرور بارزانی وەڵامی چارەسەركردنیان دراوەتەوەو لیژنەكە وەڵامەكان دەگەیەننە قوباد تاڵەبانی، تەنها پرسی هاوكار جاف پێویستی بە لێكتێگەیشتن و رێكەوتنی پارتی و یەكێتی هەیە لەئاستی باڵادا لەبەرئەوەی دۆسیەی ئەمنیەو بەو هۆیەوە بودجەی دژەتیرۆر راگیراوە.

لەماوەی رابردوودا، پرسی جێگرتنەوەی تیمی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم لەتۆڕەكانی سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە، بەڵام بەرپرسەكەی پارتی جەختی لەوەكردەوە كە «پرسێكی لەو شێوەیە بوونی نیەو پارتی دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات نەك دۆخەكە خراپتر بكات، ئەمە نیەتی فەرمی پارتییە».

ستران عەبدوڵا بە هاوڵاتیشی وت، "ئەگەر بمانەوێت پەیوەندییەكە رێكبخەینەوە و بچینە سەر ئەو بنەمایەی كە یەكێتی داواكارییەكی زیاتری نیە لەوەی لەسەری رێككەوتنی كردووە، رێككەوتنی 2018 رێككەوتنێكە كە سەركردایەتی یەكێتی پێش كۆنگرە ئەنجامیداوە و داواكاری یەكێتی ئەوە نییە پەنجا بەپەنجا بێت وەك هەندێك جار بانگەشەی بۆ دەكرێت بەڵكو ئەوەیە كە بابەتی ئیستحقاقی هەڵبژاردن لەشوێنی خۆی، بەڵام بابەتی بەرپرسیارێتی هەڵگرتن و هاوبەشی و بەشداریكردن لەحوكمڕانی دەبێت رەچاو بكرێت."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار