نزیكەی 80% شوێنەوارەكانی كفری ڕوخاوەو پارەیان بۆ سەرف ناکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری شوێنەواری كفری لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە لەكفریدا نزیكەی 300 شوێنەواری مێژوویی بوونی هەیە، و زیاتر لە نیوەیان ڕوخاون و پارەیان بۆ سەرفناکرێت.
ئەو بەڕێوبەرە دەڵێت، لەو شێنەوارانە دیارترینیان سەرای كفری، قەیسەری كفری و كۆشكی مەجید پاشاو ماڵی جووەكان، گەرماوی كفری و چەندانی دیكە، كۆنترینیان قەیسەری كفرییە كەشوێنێكی بازرگانی بووە لەنێوان وڵاتانی عێراق و ئێران كەجێگەی كاروان سەرای بازرگانان بووە.
عوبێد محەمەد بەڕێوەبەری شوێنەواری كفری باسی لەوەشكرد كەیەكێك لەشوێنەوارەكان گەرماوی كفرییە كەبەشێوەیەكی ناوازە دروستكراوە لەساڵی 1891 لەساڵنامەی عوسمانیدا باسی گەرماوەكەی كفری كراوەو چەندین خانووی كەلەپوری لەكفریدا بوونی هەیە، بەڵام نەمانتوانیوە بیانپارێزین، ئێمە ئۆتۆمبێلمان نیە بچین سەردانی شوێنەوارەكان بكەین جا چۆن بیانپارێزین».
عوبێد محەمەد دەشڵێت:»بەداخەوە شوێنەوارەكانی كفری نزیكەی 80% یان رووخاون یان دەڕووخێن، وەك ماڵی مەجید پاشا كەبڕیار لەسەر نۆژەنكردنەوەكەشی دراوە، بەڵام بودجەی بۆ خەرج ناكرێت، لەئێستادا خەریكی نۆژەنكردنەوەی سەرای كفرین لەسەر بوجەی تایبەتی قوباد تاڵەبانی».
لەسنوری گەرمیاندا نزیكەی 500 شوێنەواری مێژوویی هەیە كەمێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەكان، هەروەها نزیكەی 300 شوێنەواریان دەكەوێتە قەزای كفریەوە، بەڵام زۆربەیان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
