سلێمانی؛ ڕێگری لە ئەنجامدانی کەرنەڤاڵی پشتگیری لە پارتی چەپی سەوزو کوردانی باکور کرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی بڕیاربوو ئەمڕۆ دوشەممە لە سەکۆی ئازادی کەرنەڤاڵێک بە ناوی “سەرکەوتنی ئێوە، شکستی فاشیزم و دیکتاتۆرییە” بۆ پشتگیری لە پارتی چەپی سەوز و کوردانی باکوری کوردستان بکرێت لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا لە لایەن ئیدارەی سلێمانییەوە ڕێگری لە ئەنجامدانی کرا.
شۆڕش خدر یەکێک لە ڕێکخەرانی کەرنەڤاڵەکە لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بڕیاریاندا کە کەرنەڤاڵێک ئەمڕۆ دووشەممە لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی ئەنجامبدەن و دوو ڕۆژە ئامادەکاری دەکەن و لە پەیوەندیدان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانییەوە لە لایەن ئیدارەی سلێمانییەوە ڕیگریکرا لە ئەنجامدانی کەرنەڤاڵەکە.
ئەم کەرنەڤاڵە بە دەستپێشخەری ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرو هونەرمەند و کەسایەتی لە شاری سلێمانی سازکراو بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر چوار بەڕێوەبچێت.
دەقی ڕاگەیەندراوی دەستی ڕێکخەرانی کەرنەڤاڵەکە کە بۆ هاوڵاتییان ناردووە:
بۆ ڕای گشتی
ئێمەی ڕێکخەرانی کەرنەڤاڵی ٨ ی ئایار بۆ پشتیوانی پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردنی تورکیا ، پێتان ڕادەگەیەنین پاش تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و تەواوبوونی ئامادەکاریەکان ، ئیدارەی سلێمانی ڕێگریان لەئەنجامدانی چالاکیەکە کرد . (دەستەی ڕێکخەرانی کەرنەڤاڵ)
بڕیارە لە 14/5/2023 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێوە بچێت کە یەکێکە لە هەڵبژاردنە گرنگ و پڕ ململانێکان بۆ ناوچەکەو بەتایبەت کوردانی کوردستانی باکورهەروەک شۆڕش تۆفیق دەڵێت " ئەو هەڵبژاردنە چارەنوسسازە بۆ کوردانی تورکیا و ناوچەکە بە گشتی ".
هاوکات بڕیاربوو لە کەرنەڤاڵەکەدا جگە لە وتاری دەستەی ڕێکخەران نوێنەرانی هەدەپەش ئامادە بن ووتەی خۆیان پێشکەشبکەن.
وێنەیەک لە بانگێشتانامەی بەشداری لە کەرنەڤاڵەکەدا
